ئەو كەسانەی كە ئارەقە ناكەن

ئەو كەسانەی كە ئارەقە ناكەن
ئارەقەكردن میكانیزمێكی زۆر گرنگە بۆ رزگاربوونی لەش لە گەرمی زیاد بە مەبەستی هێشتنەوەی پلەی گەرمی لەش لە ئاستی سروشتیدا. ئارەقەنەكردن Anhidrosis دەبێتە هۆی قەتیسبوونی گەرمی لە لەشدا، بە مانایەكی تر لەش ناتوانێت كە بە ئاسانی لە گەرمی زیاد رزگاری بێت، ئەمەش زیان بە لەش دەگەیەنێت بەتایبەتی كە رووبەرێكی گەورەی لەش ئارەقە نەكات. ئارەقەنەكردن لە بەشێك یان زیاتری لەشدا دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی گەلێك نیشانەی وەكو ئازاری ماسوولكە لە قاچ و باسك و پشتدا، سەرسووڕان، سووربوونەوەی دەموچاو، هەستكردن بە گەرمی زیاد لە لەشدا. هەندێك جاریش هیلاكیی گەرما Heat exhaustion كە نیشانەكانی بریتین لە هەستكردن بە بێهێزی، هێڵنج، هەروەها لێدانی گەرما Heat stroke كە حاڵەتێكی مەترسیدارە لەوكاتەی كە لەوانەیە پلەی گەرمی لەش بگاتە نزیك 40 پلەی سەدی كە هۆكارە بۆ شێوان و لەهۆشچوون. ئەگەر تەنیا بەشێكی كەم و دیاریكراوی لەش دوچاری ئارەقەنەكردن بووبێت ئەوا هیچ گرفتێكی تەندروستی پەیدا ناكات، بەڵام ئەگەر هەستت بەوە كرد كە لە رۆژێكی گەرمی هاویندا یان لەكاتی ئەنجامدانی چالاكیی بەدەنیدا ئارەقە ناكەیت، ئەوا پێویست بە سەردانی دكتۆر دەكات. هۆكارەكانی ئارەقەنەكردن ئەمانەن: مەیلی زگماكی، زەبر و برین یان سووتانی قووڵی پێست كە بووبێتە هۆی تێكشكانی گلاندەكانی ئارەقە و ئاسەواری پێست، نەخۆشی سەدەف كە دەبێتە هۆی گیرانی كونەكانی ئارەقە، زیانی لابەلای هەندێك دەرمانی وەكو مۆرفین و ئارامبەخشە بەهێزەكان، هەوكردنی دەمارەكان لەبەر نەخۆشی شەكرە یان راهاتن لەسەر خواردنەوەی ئەلكهول.
Top