گەلێك كەس لەگەڵ رۆژووگرتندا بەتایبەتی لە پاش نیوەڕۆ دووچاری سەرئێشە دەبنەوە، هەروەها تووشبووان بە شەقەسەر هەندێك جار دوچاری نۆرەی توندی سەرئێشە و ناڕحەتی دەبنەوە. گەلێك لە تووشبووان بە شەقەسەر باس لەوە دەكەن كە هەندێك جۆری خۆراك پێوەندییان هەیە بە زیادی و كەمی نۆرەكانی سەرئێشە. لە راستیدا، پێوەندییەكی بەهێز هەیە لە نێوان كات و كەڕەتەكانی نۆرەی شەقەسەر لەگەڵ كات و جۆری خۆراك و خواردنەوەكاندا. بەهەرحاڵ، كەمكردنەوە یان دووركەوتنەوە لە خواردنی هەندێكیان یارمەتی كەمكردنەوەی نۆرەكانی سەرئێشە دەدات. باشترە كە تووشبووان بە شەقەسەر دووركەونەوە لەم خۆراكانە: شوكوڵاتە و چوكلێتەكان، پەنیر، سۆسەج، خۆراكی سوێر، چەوری زیاد بەتایبەتی چەورییە تێرەكان، مۆز، هەنجیر، مێوژ، ئایس كرێم، ماست، ترشیات، میوەی مزر، ساسی سۆیا Soya sauce، میوەی ئەڤۆكادۆ، نیسك، چەرەزات، ماددە شیرینكارە دەستكردەكانی وەكو سەكارین Saccarin و ئەسپارتێم Aspartame، هەروەها ئەو خواردنەوانەی كە ماددەی كافائین لەخۆدەگرن وەكو قاوە، چای، كاكاو، خواردنەوە وزەبەخشەكان Energy drinks سۆدای ئاسایی و سۆدای ریجیم Diet soda. وا رێنمایی دەكرێت كە تووشبووان بە سەرئێشە و شەقەسەر پارشێو و فتار لەكاتی خۆیدا بخۆن. لەكاتی فتاردا زیاد مەخۆ، خۆراك زیاتر نەبێ لە بەرگەگرتنی كۆئەندامی هەرس، كاتی نووستنت رێك بخە، با هەواگۆڕی لە ماڵەكەتدا هەبێت، دەموچاوت بە ئاوی سارد بشۆ، پاش گەرماو دوشێكی ئاوێكی سارد وەربگرە و با قژ بەخۆی وشك بێتەوە نەك بە شیسوار وشكی بكەیتەوە، لەكاتی نۆرەی شەقەسەردا، جگە لە دەرمان كیسی پڕ لە بەفر لەسەر ملتدا بنێ.