رەمەزان دەرفەتێكی لەبار بۆ وازهێنان لە جگەرە

رەمەزان دەرفەتێكی لەبار بۆ وازهێنان لە جگەرە
مانگی رەمەزان دەرفەتێكی زۆر گونجاوە بۆ وازهێنان لە جگەرەكێشان، لەوكاتەی كە بە درێژایی پتر لە 14 كاتژمێر دووریت لە جگەرە، ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێت كە بەرگەی جگەرەنەكێشان دەگریت بە درێژایی كاتژمێرەكانی رۆژووگرتن، واتە ئەم توانایەت هەیە كە بە یەكجاری واز لەجگەرەكێشان بێنیت. بڕیارێكی یەكجارەكی بدە كە چیتر جگەرە نەكێشیت، سەرەتا چەند جارێك پاش رۆژووشكاندن كە ئارەزووت دەچێتە جگەرە هەوڵ بدە كە دان بەخۆتدا بگریت و نەیكێشیت، پاشان بەرە بەرە دەبینیت كە ئارەزووی جگەرەكێشان كەمتر دەبێتەوە و لە كۆتاییدا ئارەزووەكە بە تەواوی نامێنێت. دەتوانیت لەپاش رۆژووشكاندندا یەكسەر دەستبكەیت بە رۆیشتن بۆ ماوەیەك، هەرگیز فتار بە جگەرە مەكەرەوە، چونكە ئارەزووی خواردنت كەم دەكاتەوە، پاش بەربانگ بڕێكی زۆری شلە بخۆرەوە، بجوولێ و مەشقی رۆیشتن یان مەشقی وەرزشی سووكی تر ئەنجام بدە بۆ دوورخستنەوەی حەزی جگەرەكێشان، پاش فتار سەردانی ئەو شوێنانە بكە كە جگەرەكێشان لەوێدا قەدەغەیە وەكو مزگەوت، یان مۆل و سوپەرماركێتەكان، ئەمە راستییەكی زانستییە كە پاش وازهێنان لە جگەرە هەست بە جۆرێك ناڕەحەتیی دەروونی دەكەیت، بەڵام لە بیر نەكەیت كە ئەمە بەشێكی گرنگە لە چاكبوونەوە لە راهاتن لەسەر نیكۆتین و دڵنیابە لەوەی كە نیشانە ناخۆشەكانی وازهێنان لە جگەرە لە ماوەی چەند هەفتەیەكدا بە تەواوی نامێنن، هەرگیز هەوڵ نەدەیت كە لەجیاتی جگەرە پەنا بەریتە بەر خواردنی خۆراكی چەور و شیرین، چەرخ و تەبڵەی جگەرە لەبەر چاو لابەرە. ئەم راستییەش لەبیر نەكەیت كە جێگرەوەی جگەرە تەنیا جگەرە نەكێشانە، نەك جگەرەی ئەلیكترۆنی یان نێرگلە.
Top