بەم دواییە لێكۆڵەرەكان توانیان كە وەكو تەكنەلۆژیایەكی نوێی جوانكاری پێستی دووەم Second skin بۆ چارەسەركردنی لۆچبوونی پێست بەكاربێنن كە وەكو پێستی دەستكرد وایە و لە پۆلیمەری سیلیكۆن پێكهاتووە كە رێگا لە ونبوونی ئاو یان وشكبوونی پێست دەگرێت. پێستی دووەم چارەسەرێكی جوانكارییە و بریتییە لە چینێكی تەنك و لاستیكی سیلیكۆن بۆ شاردنەوەی لۆچبوونی پێست لە ناوچەی دەموچاو بەتایبەتی دەوری چاوەكان، هەروەها قۆڵ و شوێنی دیكە. ئەگەرچی بۆ ماوەیەكی دیاریكراو لەسەر پێستدا دەمێنێتەوە، بەڵام رۆڵی هەیە بۆ شاردنەوەی لۆچەكان بەلای كەم بۆ ماوەیەكی دیاریكراو. لە نێوەندە پزیشكییەكانی تایبەت بە پێستدا ئەمەش روونكراوتەوەكە لەوانەیە بەم رێگایە لە دوارۆژدا بتوانرێت حاڵەتەكانی وەكو ئەكزیما و نەخۆشی سەدەف و ئاسەوارەكانی برین بە مەبەستی جوانكاری چارەسەربكرێن، هەروەها پێستی دووەم بە ئەنجامی باشەوە بەكاردێت بۆ حاڵەتەكانی وشكبوونی پێست و پیربوونی پێست. تا ئێستا ئاڵۆزی و زیانە لابەلایە زوو و درەنگەكان بە تەواوی یەكلا نەكراونەتەوە. پێستی دووەم لە ماوەی رۆژێكدا لەسەر پێست جێگیر دەبێت، سەرەتا بە شێوەی شلەیەكی لاستیكیدەخرێتە سەر پێست كە چینینكی رێك دروست دەكات كە رێگا بە هاتووچۆی هەوا دەدات. پاشان كە بە تەواوی جێگیر دەبێت ئەوا چینێكی لاستیكی جوان و لووس پێكدێنێت كە رێگا لە ونبوونی تەڕێتی پێست دەگرێت. دەتوانرێت پێستی دووەم بۆ زیاتر لە یەك رۆژ لەسەر پێستدا بهێڵرێتەوە بێ ئەوەی كە هیچ زیانێكی بۆ پێست هەبێت، پاشان لەكاتی پێویستدا دەتوانرێت كە پێستی دووەم بە ئاسانی بە بەكارهێنانی گیراوەیەكی تایبەت لاببرێت.