بە پێی نوێترین لێكۆڵینەوە، رۆژانە خواردنی 30 گرام شوكوڵاتە لەكاتی دووگیانیدا سوودبەخشە بۆ گەشە و پەرەسەندنی دروستی كۆرپە. شوكوڵاتە ماددەی دژەئۆكسان بە ناوەی فلاڤانۆلەكان Flavanols لەخۆدەگرێت كە رۆڵیان هەیە بۆ دابەزاندنی كۆلیستیرۆل و كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە گرفتەكانی كۆئەندامی دڵ و سووڕان. هەر چەند شوكوڵاتە تاریكتر و رەشتر بێت، هێندە رێژەیەكی بەرزتر لە فلاڤانۆلەكان لەخۆدەگرێت. لێكۆڵینەوەكان پێشتر جەختیان لەمە كردۆتەوە كە خواردنی شوكوڵاتە لەكاتی دووگیانیدا رۆڵی هەیە بۆ كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە ژاراویبوونی دووگیانی Preeclampsia كە هاوكاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن كە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی گەیشتنی خوێن بە كۆرپە. لە چەند لێكۆڵینەوەكی تردا هاتووە كە شوكوڵاتە كاریگەری پۆزەتیڤی هەیە لەسەر ویڵاش Placenta و گەشە و پەرەسەندنی كۆرپەدا. ئەمەش روونكراوەتەوە كە شوكوڵاتەی رەش لەكاتی دووگیانیدا جگە لە باشتركردنی فرمانی ویڵاش، گرنگی هەیە بۆ رێگرتن لە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن.