شلەمەنییە شیرینكراوەكان Sweetened beverages وەكو شەربەت، هەموو جۆرێكی خواردنەوە گازییەكان، خواردنەوە وزەبەخشەكان رێژەیەكی بەرزی شەكر لەخۆدەگرن. ئەمەش سەلمێنراوە كە بڕی زیادی شەكر هۆكارە بۆ گەلێك گرفتی تەندروستی. ئەم شلەمەنییانە جگە لە شەكر، ماددەی كیمایی لەخۆدەگرن بە شێوەی رەنگ و چێژ و ماددەی پاراستنی خۆراك Preservatives، بە بێ بوونی هیچ ماددەیەكی سوودبەخشی وەكو ڤیتامین و كانزاكان و ماددەی دژەئۆكسان. بۆ رۆژووانان واباشترە كە تێنوویەتییان تەنیا بە ئاو یان ماستاو بشكێنن و دووركەونەوە لە شلەمەنییە شیرینكراوەكان.ئاو گرنگی زۆری بۆ تەندروستی هەیە، بۆ نموونە یارمەتیدان و تاودانی كرداری میتابۆلیم، یارمەتیدانی زوو هەستكردن بە تێربوون، باشتركردنی ئاستی وزەی لەش لەوكاتەی كە كەمبوونەوەی شلەی لەش هۆكارە بۆ بێهێزی و هەستكردن بە ماندووبوون بەتایبەتی لە رۆژوواناندا. ئاو كرداری گواستنەوەی ئۆكسجین و خۆراك بۆ هەموو خانەكانی لەش ئاسانتر دەكات، بڕی تەواوی ئاو بارگرانی دڵ بۆ پەمپكردنی خوێن بۆ هەموو بەشەكانی لەش سووك دەكات. نزیكەی 85%ی شانەكانی مێشك لە ئاو پێكهاتووە، بڕی دروستی ئاو سترێس سووك دەكات لەوكاتەی كە كەمی ئاو ئاستی سترێس بەرزدەكاتەوە، هەروەها گرژبوونی ماسوڵكە سووك دەكات و تەڕێتی ناو جومگەكان دەپارێزێت، لەگەڵ بەرزكردنەوەی ئاستی بەرگەگرتنی جوولە و مەشقی فیزیكی.