ئەوانەی كە ناتوانن كێش دابەزێنن

ئەوانەی كە ناتوانن كێش دابەزێنن
ئایا تۆ یەكێكیت لەو كەسانەی كە بە ریجیمی خۆراك و مەشقی وەرزشی بەردەوام كێشی لەشت دانابەزێت؟ ئەگەر وابێت ئەوا لەوانەیە كە هۆكارەكەی بگەڕێتەوە بۆ گرفت لە گلاندی دەرەقی بە شێوەی سستبوونی گلاندەكە Hypothyroidism، واتە دەردانی رێژەیەكی كەمتر لە هۆرمۆنەكانی T3و T4. ئەگەر لەپاش پشكنینەكان دەركەوت كە هیچ گرفتێكت نییە لە گلاندی دەرەقی ئەو كاتە سەرەڕای ریجیم و مەشقی وەرزشی، پەیڕەوی ئەم خاڵانە بكە:
1- پەلە مەكە لە بەدەستهێنانی ئەنجام لە ماوەیەكی كەمدا، بیر لە پێشبینی ناواقعی Unrealistic expectations سەبارەت بە كێشی لەشت مەكەرەوە، ئەگەرچی كۆمەڵێك بەرنامەی ریجیم بەڵێنی بریقەدار دەدەن كە كێش لە ماوەیەكی كەمدا دادەبەزێنن، هەتا ئەگەر بە خێرایی كێش دابەزێنیت ئەوا زوو كێشت زیاد دەبێتەوە، بە سادەیی چونكە ناتوانیت كە بۆ هەمیشە لەسەر هەر یەكێك لەم ریجیمانە بەردەوام بیت.
2- هەرگیز تەسلیمی كێشی زیاد و قەڵەوی مەبە بەتایبەتی كە پاش چەند رۆژێك لە ریجیم و مەشقی وەرزشی هیچ دابەزاندێكی كێشت بەدی نەكرد، كات بە لەشت بدە تاكو خۆی بگونجێنێت بۆ شێوازە نوێكەی خۆراك و مەشقی وەرزشی، هەرگیز وا بە ئاسانی واز مەهێنە.
3- زوو زوو مەچووە سەر قەپان، لەجیاتی ئەوەی كە رۆژانە كێشی خۆت بەسەركەیتەوە هەوڵ بدە هەفتانە یەك جار خۆت بكێشیت.
Top