كافائین Caffeine كە بە رێژەیەكی بەرز لە قاوەدایە بە دەرمان هەژماردەكرێت. لە ئاماژە پزیشكییەكاندا هاتووە كە بەكارهێنانی كافائین خەریكە لە نەوجەواناندا زۆر زیاددەكات، بۆ نموونە زیاتر لە 83%ی نەوجەوانان خواردنەوەیەكی كافائینی Caffeinated beverages بە بەردەوامی دەخۆنەوە بەتایبەتی قاوە، هەروەها بەكارهێنانی خواردنەوە وزەبەخشەكان كە رێژەیەكی بەرزی كافائین لەخۆدەگرن. چای، چای ساردكراو Iced tea، سۆدا، بڕی بەرچاو لە كافائین لەخۆدەگرن. بەگشتی تا 400 ملگم كافائین لە رۆژێكدا سەلامەتە بۆ نەوجەوانێكی تەندروست كە دەكاتە نزیكەی 4 كوپ قاوە یان 2 قوتوو خواردنەوەی وزەبەخش، لەوكاتەی كە كوپێكی ئاسایی قاوە 95-200 كافائین لەخۆدەگرێت. بڕی زیاتر لە 500-600 ملگم كافائین لە رۆژێكدا هۆكارە بۆ تووشبوون بە ژاراویبوون بە كافائین Caffeine intoxication كە گرفتێكی تەندروستی فەرامۆش نەكراوە و نیشانەكانی بریتین لە: پەستی، ناڕحەتی دەروونی، زوو هەڵچوون، تووڕەبوون، سووربوونەوەی دەموچاو، گرفتەكانی خەو، گرفت لە كۆئەندامی هەرسدا، دەست لەرزین، زیادبوونی لێدانەكانی دڵ. ئەمەش روونكراوەتەوە كە هەتا بڕی 100-400 ملگم كافائین لە رۆژێكدا لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری چەند نیشانەیەك لە هەندێك نەوجەواندا. ئەگەرچی بڕی رۆژانەی كافائین دەگاتە 60-800 ملگم لە گەلێك نەوجەواندا، بەڵام واباشترە كە بڕی رۆژانەی كافائین بۆ نەوجەوانان هەرگیز لە 100 ملگم لە رۆژێكدا زیاتر نەبێت. دایك و باوك و هاوڕێكان كاریگەرییان هەیە لەسەر خواردنەوەی بڕی زیادی قاوە لە نەوجەواناندا.