هۆكاری سەرەكی ئازاری سابونەی ئەژنۆ Patella دەگەڕێتەوە بۆ هەوكردنی ژێرەوەی سابونەی ئەژنۆ Chondromalacia Patella كە بریتییە لە نەرمبوون و تێكشكانی شانە كڕكڕاگەییەكەی ژێر سابونەی ئەژنۆ هاوكات لەگەڵ ئازار كە لە ئەژنۆ و ئێسكی راندا هەستی پێدەكرێت. حاڵەتەكە زیاتر لە نەوجەوانە كچەكاندا بەدی دەكرێت. هۆكارەكان بریتین لە: بەركەوتنی لای ژێرەوەی سابونەی ئەژنۆ بە ئێسكی ران كە دەبێتە هۆی ئاوسان و ئازار، پۆزیشنی ناڕێكی سابونە، گرژبوون یان لاوازبوونی ماسوڵكەكانی پەیوەندیدار بە ئەژنۆ، زیاد بەكارهێنانی جومگەی ئەژنۆ، تەختبوونی پێ (فلات فووت)، كێشی زیاد و قەڵەوی، زەبر یان شكان یان لەجێچوونی Dislocation سابونەی ئەژنۆ، زیاد راكردن، زیاد ئەنجامدانی یاریی تۆپی پێ و پایسكل، زیاد ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی. نیشانەكانی لاوازبوونی كڕكڕاگەی ژێرەوەی سابونەی ئەژنۆ ئەمانەن: ئازار لە پشت سابونە، لە ژێر سابونە، لە تەنیشتەكانی سابونە. هەستكردن بە لێكخشان لەكاتی: نووشتاندنەوەی جومگەی ئەژنۆدا، هاتنەخوارەوە لەسەر پلەكان(قالدرمە) و شوێنێكی نشێو یان لێژ، هەڵسانەوە پاش دانیشتن بۆ ماوەیەك. چارەسەركردن دەستپێدەكات بە حەسانەوەی ئەژنۆ كە باشترین هەنگاوە بۆ كەمكردنەوەی نیشانەكان، دانانی بەفر یان كەمادەی سارد لەسەر ئەژنۆدا بۆ ماوەی 15-20 خولەك رۆژانە 4 جار بۆ ماوەی چەند رۆژێك، دەرمانی دژەئازاری ناستیرۆیدی وەكو بروفین، بەكارهێنانی كرێم یان جێل بۆ دەوری ئەژنۆ بە مەبەستی كەمكردنەوەی ئازاری شانە نەرمەكان،ئەم حاڵەتە بە تەواوی چاكدەبێتەوە بەڵام پێویستی بەلای كەم بە یەك مانگ هەیە، هەندێك جاریش تا ساڵێك درێژەدەكێشێت بەتایبەتی لە نەوجەواناندا چونكە ئێسكەكانیان لە قۆناغی گەشەكردندان، بەڵام لەگەڵ گەیشتن بە فۆناغی پێگەیشتن بێگومان بە تەواوی چاك دەبنەوە.