جگەرەكێشان زیان بە چاو دەگەیەنێت

جگەرەكێشان زیان بە چاو دەگەیەنێت
جگەرەكێشان گەورەترین هۆكاری نەخۆشی و مردنی پێشوەختە لە هەموو جیهاندا، جگەرە زیان بە نزیكەی هەموو ئەندامەكانی لەش دەگەیەنێت كە چاویش دەگرێتەوە. یەكێك لەو گرفتانەی چاو كە لە ئەنجامی جگەرەكێشان پەیدا دەبێت بریتییە لە ئاوی سپی Cataract واتە ڵێڵبوونی هاوێنەی چاو، چانسی تووشبوون بە ئاوی سپی لە جگەرەكیشەكان 2 هێندە زیاترە لە چانسی تووشبوون لە كەسانی ئاساییدا، لەگەڵ جگەرەكێشانی زیاتر چانسی تووشبوون هێشتا زیاتر دەبێت. جگەرەكێشان دەبێتە ئەگەری تێكدانی سەنتەری چینی تۆڕەی چاو AMD كە زۆر گرنگە بۆ بینینی تیژ و بینینی ناوەڕاست وەكو خوێندنەوە و بینین لەكاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبیلدا، لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە پیاوی جگەرەكێش 3 هێندەی كەسانی جگەرەنەكێشی هاوتەمەن ئەگەری تووشبوونی بەم گرفتە لێدەكرێت كە پاش پەرەسەندنی زیاتر و هاوكات لەگەڵ تەمەندا هۆكارە بۆ لەدەستدانی یەكجارەكی بینین، هەورەها ئافرەتی جگەرەكێش5.5 هێندەی ئافرەتی جگەرەنەكێشی هاوتەمەن ئەگەری تووشبوونی بەم گرفتەی تۆڕەی چاو Retina لێدەكرێت. هەوكردنی چینی ناوەڕاستی چاو Uveitis گرفتێكی تری پەیوەستە بە جگەرەكێشان كە حاڵەتێكی مەترسیدارە و ئەگەری لەدەستدانی تەواوی بینینی لێدەكرێت، چونكە كاریگەری خراپ دەكاتە سەر بەشە گرنگەكانی چاو كە گلێنە و تۆڕەی چاویش دەگرێتەوە و لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری ئاوی سپی، ئاوی رەش، جیابوونەوەی تۆڕەی چاو، بەڵگە لەبەردەستدایە كە ئەگەری تووشبوون بەم گرفتە لە جگەرەكێشەكان 2.2 هێندەی كەسانی هاوتەمەنی جگەرەنەكێشە. ئەمەش روونە كە دوكەڵی جگەرە هۆكارە بۆ سووتانەوە و وشكبوونی چاو بە شێوەی ناڕحەتی و سووربوونەوە و خورشتی چاو بەتایبەتی لەكاتی بەكارهێنانی هاوێنەی لكاودا Contact lens، ئەگەری وشكبوونی چاو لە جگەرەكێشەكان 2 هێندەی كەسانی جگەرەنەكێشە.
Top