ئایا خانەنشینی هۆكارە بۆ پەستی؟

ئایا خانەنشینی هۆكارە بۆ پەستی؟
خانەنشینی Retirement گۆڕانێكی گەورە و بەرچاوە لە ژیاندا، بۆیە لەوانەیە كە هەر لە سەرەتای خانەنشینیدا هەست بە نیگەرانی بكەیت، ئەگەرچی 1-2 ساڵ پێش گەیشتن بە رێكەوتی خانەنشینی، گەلێك كەس هزرێكی پۆزەتیڤیان دەبێت. ئەمەش هەستێكی ئاساییە، بەڵام بمانەوێت یان نەمانەوێت كاریگەری دەكاتە سەر چێژوەرگرتن لە ژیانی رۆژانەدا، لەگەڵ ئەمەشدا دەتوانیت كە بە چەندین رێگا پەستی و نیگەرانی بەلاوە بنێیت و چێژ بۆ قۆناغە نوێكەی ژیانت پەیدا بكەیت. پەستیی خانەنشینی Retirement anxiety بەگشتی 1-2 ساڵ پێش جێهێشتنی كار دەستپێدەكات بە شێوەی هەستكردن بە نیگەرانی لەبەر دووركەوتنەوە لە دۆست و هاوەڵەكان، هەروەها نیگەرانی سەبارەت بە باری دارایی و ئابووری یان سەرمایە كە بە شێوەیەكی بەرچاو دادەبەزێت، ئینجا لەوانەیە كە سترێس لەگەڵ كاتی خانەنشینییەوە دەستپێبكات و تا ماوەیەكی زۆر بەردەوام بێت. هۆكارەكان جگە لە جێهێشتنی شوێنی كار و گرفتی سەرمایە بریتین لە: نیگەرانی سەبارەت بە باری تەندروستی پاش تەمەنی خانەنشینی، دڵتوندی لەبەر هەستكردن و بیركردنەوە لە تێپەڕبوونی زۆربەی تەمەن، هەروەها هەستكردن بە نەبوونی ئامانجێك كە كاتی بۆ تەرخان بكەیت یان رۆژەكان بە هەوڵدان بۆی پڕبكەیتەوە، واتە نیگەرانی لەوەی كە رۆژەكانت بە بەتاڵی و بێ پلان بەڕێدەكەیت. پەستیی خانەنشینی نیشانەی دەروونی و جەستەیی لەخۆدەگرێت وەكو: گرفت لە تەركیز و سەرنجدانی ورد لەبەر سەرقاڵبوون بە نیگەرانی سەبارەت بە ئاییندە، هەستكردن بە ناڕحەتی و زوو تووڕەبوون یان هەڵچوون، ناڕحەتی گەدە، ئازار یان گرژبوونی ماسوڵكەكان، سەرئێشە، دەست لەرزین، خەوزڕان، هەستكردن بە هیلاكی و ماندووبوون.
Top