چاودێریكردنی گەشەی باڵا و كێشی منداڵ زۆر گرنگە هەر لەپاش تەمەنی 3 ساڵییەوە تا دەگاتە كۆتایی قۆناغی باڵغبوون. بەگشتی تێكڕای گەشەكردنی باڵا لە یەك ئاستدا نییە، لە دوو قۆناغدا گەشەكردنی باڵا بە شێوەیەكی بەرچاو زیاترە لە كاتەكانی تر، یەكەم لە 3 ساڵی سەرەتای تەمەندا، دووەم لە قۆناغی باڵغبووندا، لە نێوان ئەم دوو قۆناغەدا باڵا بە تێكڕایی ساڵانە تەنیا 6-5 سانتیمەتر درێژ دەبێت. گەشەكردن لە قۆناغی باڵغبووندا نزیكەی 4 ساڵ بەردەوام دەبێت لەگەڵ چەند جیاوازییەك لە نێوان كوڕ و كچدا، بۆ نموونە باڵای كچ بە شێوەیەكی بەرچاو زیاد دەكات لە سەرەتای قۆناغی باڵغبووندا كەچی باڵای كوڕ چەند سانتیمەترێك زیاد دەكات لە كۆتایی قۆناغی باڵغبووندا. جگە لە دروستی گلاندە كوێرەكان لە دەردانی بڕی تەواوی هۆرمۆنەكان و دروستیی ئێسكەكان، هەندێك فاكتەر كرداری گەشەكردنی باڵا تاودەدەن لەمانە: خۆراكی هاوسەنگ بەتایبەتی بڕی تەواوی پرۆتین و كانزای ئاسن و كالسیۆم و ڤیتامین D، وەرزش كە هاوسەنگی نێوان دەروون و جەستە رێكدەخات بە مەرجێك وەرزشێكی مام ناوەندی بێت نەك وەرزشی توند و سەخت كە كاریگەری نێگەتیڤی هەیە، نووستنی تەواو چونكە رێژەی دەردانی هۆرمۆنی گەشە Growth hormone لەكاتی نووستنی قووڵدا لە گلاندی پتیوتەری زیاتر دەبێت.