هۆرمۆنی ئینسولین Insulin كە لە خانەی تایبەت لە گلاندی پەنكریاسەوە راستەوخۆ دەردەدرێتە ناو خوێن، ئاستی شەكری خوێن رێكدەخات بەوەی كە هانی شەكر دەدات بۆ چوونە ناو خانە. كەمبوونەوەی دەردانی هۆرمۆنی ئینسولین یان كەمبوونەوەی كاریگەری ئینسولین واتە پەیدابوونی بەرگری خانە بەرانبەر بە ئینسولین دەبێتە هۆی گرفت لە كۆنترۆلكردنی ئاستی شەكری خوێن كە زیاتر لە بەرزبوونەوە خۆی دەبینێتەوە. ئەگەر ئەم كۆنترۆلە لەدەست چوو و ئاستی شەكری خوێن بە بەرزی مایەوە، ئەوە مانای تووشبوونە بە نەخۆشی شەكرە. هۆكارە هاندەرەكانی بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن: خواردنی بڕێكی زۆری خۆراكی كاربۆهێدراتی یان زیاد خواردن، كەمی چاڵاكیی بەدەنی، بەكارنەهێنانی دەرمانەكانی كۆنتڕۆڵكردنی ئاستی شەكری خوێن لە نەخۆشانی شەكرەدا جا حەب یان دەرزی ئینسولین، بەكارهێنانی ژەمی گەورە لە دەرمانە ستیرۆیدییەكان Steroids، تووشبوون بە هەڵامەت یان ئەنفلوەنزا، خواردنەوە ئەلكهولییەكان، زیاد تووڕەبوون و گوشاری دەروونی توند، سترێس یان شەكەتی دەروونی. بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن Hyperglycemia پێویستی بە پاككردنەوەیەكی خێرا هەیە ئەگینا زیانە تەندروستییەكان بەرەو زیادبوون دەچن. ئەگەر نەخۆشی شەكرەشت نەبێت، دابەزاندنی ئاستی شەكری خوێن دەتپارێزێت لە چەندین گرفتی تەندروستی گەورەی وەكو: تێكدانی بۆڕییە وردەكانی خوێن لە تۆڕەی چاودا Retina كە هەندێك جار دەبێتە هۆی كوێربوون، تێكچوونی موولوولەكانی خوێن لە گورچیلەكاندا كە زیانی زۆریان پێدەگەیەنێت، تێكچوونی فرمانی دەمارەكان و هەوكردنیان، تێكدانی ناوپۆشی خوێنبەرەكان و ئەگەری نیشتنی خوێنی مەییو و تووشبوون بە نەخۆشی دڵ و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن.