تەماتە Tomatos دەمانپارێزێت لە تووشبوون بە نەخۆشی دڵ، هەروەها خواردنی تەماتە لە تووشبوون بە چەندین جۆری شێرپەنجە بەتایبەتی پاراستنی پیاوان لە تووشبوون بە شێرپەنجەی پرۆستات. تەماتە بەرووبوومێكی وەرزییە. هەرزانە و بە ئاسانی دەست دەكەوێت. تەماتە بە خاوی و بە كوڵاوی و برژاوی دەخورێت. تەماتە جگە لە ڤیتامین C ڤیتامین A و ریشاڵ و گەلێك كانزا، زۆر مادەی دژە ئۆكسان لەخۆدەگرێت كە گرنگترینیان مادەی لایكۆپینە Lycopene ، لایكۆپێن لە مادە كارۆتینۆیدەكانە Carotenoids رەنگە و رەنگەی سوورەكەی تەماتە پێكدێنێ، هەروەها لە شووتی و كاڵەكیشدا هەیە. یەك تەماتەی مام ناوەندی نزیكەی 5 ملگم لایكۆپینی تێدایە. جگەرەكێشان چڕی لایكۆپین لە لەشدا كەم دەكاتەوە. سوودە تەندروستییەكەی تەماتە بۆ گرنگی ئەم ماددە دژەئۆكسانانە دەگەڕێتەوە، بە تایبەتیش بۆ مادەی لایكۆپین كە دژەئۆكسانێكی بەهێزە و پێست لە كاریگەرییەكانی تیشكی خۆر دەپارێزێت و پیربوونی پێست دوادەخات. لایكۆپین ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە كەم دەكاتەوە. لە چەندین لێكۆڵینەوەی باوەڕپێكراودا هاتووە كە خواردنی تەماتە بە خاوی یان بە كوڵاوی یان شیرەی تەماتە هەتا مەعجون تەماتەش ئەم ئامانجە دەپێكێت. لایكۆپین لە لەشدا رێژەی چەند ئەنزیمێك زیاد دەكات كە رۆڵیان هەیە لە پاراستنی خانەكان لە دابەشبوونی كۆنترۆلنەكراوی شێرپەنجەیی. لەوانەیە كە تێكەڵاوێكی ڤیتامین E و لایكۆپین بە شێوەی دەرمان لە داهاتووێكی نزیكدا بگاتە بازاڕەكان و بەكاربێت بۆ پاراستنی پیاوان لە تووشبوون بە شێرپەنجەی پرۆستات.