خەمۆكی Depression و نەخۆشی دڵ دوو حاڵەتی مەترسیدارن و پەیوەندییان بە یەكەوە هەیە. خەمۆكی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی دڵ زیاد دەكات، بەتایبەتی لەگەڵ بەتەمەنداچوون و بوونی هۆكارە هاندەرەكانی وەكو: زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی، بوونی مەیلی خێزانی بۆ تووشبوون بە نەخۆشی دڵ، جگەرەكێشان، كەمی جوولە و مەشقی وەرزشی، بۆیە چارەسەری دروستی خەمۆكی لەوانەیە كە چانسی تووشبوون بە نەخۆشی دڵ كەم بكاتەوە. كەسانی تووشبوو بە خەمۆكی پاش چارەسەری دروست، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی دڵ وەكو رێژەی تووشبوونی كەسانی ئاساییە كە هیچ كاتێك دوچاری خەمۆكی نەبوون. لەگەڵ ئەمەشدا، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی دڵ لە كەسانی تووشبوو بە خەمۆكی دەگاتە 6%، چونكە مەسەلەكە ئاڵۆزە، لە لایەك بە چارەسەركردن ئەگەری نەخۆشی دڵ كەم دەبێتەوە، بەڵام لە لایەكی ترەوە خەمۆكی گەلێك جار هاندەرە بۆ زیادبوونی كێش و قەڵەوی، بە پێی ئامارە پزیشكییەكان زیاتر لە 43%ی تووشبووان بە خەمۆكی قەڵەون، ئەمەش ئەگەری نەخۆشی دڵ زیاتر دەكات. هەروەها كەمبوونەوەی هەموو چاڵاكییە وەرزشی و كۆمەڵایەتییەكان كە لە تووشبووان بە خەمۆكی بەدی دەكرێت هۆكارێكی تری هاندەرە بۆ تووشبوون بە نەخۆشی دڵ، پاشان گەلێك لە دەرمانەكانی كۆنتڕۆڵكردنی خەمۆكی وەكو زیانی لابەلا دەبنە هۆی زیادبوونی كێشی لەش.