رەنگی چاو بە تەواوی بەندە بە بۆیەی میلانین Melanin لە گلێنەی چاودا Iris. گلێنە و رەنگەكەی بڕی ئەو رووناكییە رێكدەخەن كە دەچێنە ناو چاوەكان، هەروەها چاو لە تیشكی سەرووی وەنەوشەیی دەپارێزن. هەر چەند بڕی بۆیەی میلانین لە ناو گلێنەدا كەمتر بێت، هێندە رەنگی چاو كاڵتر دەبێت. بە مانایەكی تر، چاوی قاوەیی تۆخ زیاترین رێژەی میلانین لەخۆدەگرێت، هەروەها چاوی شین و سەوز كەمترین رێژەی میلانین لەخۆدەگرن. هەندێك جار لە هەندێك كەسدا چڕی بۆیەی میلانین لە چاوێكەوە بۆ چاوەكەی تر جیوازە، بۆیە هەر چاوێك رەنگێكی جیاوازی دەبێت Heterochromia بۆ نموونە چاوێك شین و چاوێك قاوەیی، هەندێك جاریش لە یەك چاودا دوو رەنگ بەدی دەكرێت. لە تووشبووان بە نەخۆشی ئەلبینیزم Albinism گلێنە روون یان بێ رەنگ Transparent iris دەبێت لەبەر نەبوونی بۆیەی میلانین، بەڵام رەنگی چاو سوور پیشان دەدات لەبەر بۆڕییەكانی خوێنی ناو چاو كە دەكەونە پشت گلێنەی روون. بڕی یان چڕی بۆیەی میلانین لە گلێنەی چاودا پەیوەندی بە بۆماوەوە هەیە، مەسەلەی جێگیربوونی رەنگی چاوی هەر كەسێك هێندە ئاڵۆزە كە لە سەرتاسەری جیهاندا دوو كەس نییە كە رەنگی چاویان بە تەواوی وەكو یەك بێت. رەنگی چاو بە درێژایی تەمەن گۆڕانی بەسەردا دێت، بۆ نموونە منداڵ لە سەرەتای ژیانیدا هێشتا نەبۆتە خاوەن چڕی تەواوی میلانین لە گلێنەدا، بۆیە رەنگی چاوی شین یان خۆڵەمێشییە، بەڵام پاش چەند ساڵێك ئینجا رەنگی راستەقینە وەردەگرێت. هەروەها بەساڵاچوون، زەبر بۆ چاو، هەندێك نەخۆشی لەوانەیە كە هۆكار بن بۆ گۆڕانێكی كەم لە رەنگی چاودا.