هەڵمژینی چەوری یان لایپۆسەكشن Liposuction بریتییە لە هەڵمژین و گواستنەوەی چەوری لە شوێنێكی لەشەوە بۆ شوێنێكی تری لەش بە ئامێرێكی تایبەت، لایپۆسەكشن تەنیا بۆ مەبەستی جوانكاری بەكاردێت نەك بۆ دابەزاندنی كێشی لەش. بەگشتی لایپۆسەكشن نەشتەرگەرییەكی بچووك و سەلامەتە، بەڵام هێشتا ئەگەری چەند ئاڵۆزییەكی تەندروستی لێدەكرێت، بۆ نموونە كاریگەرییە نێگەتیڤەكانی بەنج، ئاوسانێكی زیاد و درێژخایەن لە شوێنی چارەسەركردنەكە، خوێنبەربوون، دەركەوتنی خاڵی یان پەڵەی قاوەیی لەسەر پێستدا، هەروەها لەوانەیە كە هەوكردن رووبدات ئەگەرچی زۆر باو نییە، لە هەندێك حاڵەتیشدا برینداربوونی دەمار بە هۆی نیدلی هەڵمژینی چەوری روودەدات، زۆر بە دەگمەنیش لەوانەیە كە ریخۆڵە دوچاری كونبوون بێت ئەگەر لایپۆسەكشن بۆ ناوچەی سك ئەنجام بدرێت. زۆر جار لە ئەنجامی گواستنەوەی چەوری فشار دەكەوێتە سەر دەمارەكان، ئەمەش دەبێتە هۆی تەزین یان سڕبوون لەگەڵ كەمبوونەوەی هەست لەو شوێنەدا كە بۆ چەند رۆژێك بەردەوام دەبێت، هەندێك جاریش درێژە دەكێشێت و دەبێتە هەمیشەیی. تێكچوونی هاوسەنگی شلەكانی لەش Fluid imbalance ئاڵۆزییەكی ترە كە لەوانەیە كێشەی تەندروستی پەیدابكات لە گورچیلە و دڵ و سییەكاندا.