پەستی Anxiety یان ترس و نیگەرانی لە زۆربەی هەڵوێستەكان، گرفتێكی ئەوتۆیە كە ژیانی رۆژانە بە بەردەوامی كۆنتڕۆڵ دەكات. بە پێی لێكۆڵینەوە نوێیەكان، پەستی هۆكارە بۆ بڕیاری خراپ Bad decision یان بڕیاردانی هەڵە. بە گوێرەی ئامارە پزیشكییەكان، پەستی و سترێسی پاش كارەسات PTSD و تۆقین دوچاری پتر لە 20%ی خەڵك دەبنەوە. بەگشتی پەستی كاریگەری نێگەتیڤ دەكاتە سەر ژیانی رۆژانە لە كار و پیشە و پێوەندییە كەسییەكاندا. نیشانە باوەكانی پەستی بریتین لە: هەستكردن بە نیگەرانی و ترس و زەحمەتبوونی شتەكان و ترس و دوودڵی لە ئەنجامەكان، گرفت لە نووستندا، ساردبوون و تەزینی دەست و پێیەكان، نۆرەی هەناسەڕاوكێ، دڵەكوتێ، كەمبوونەوەی توانای هێوربوونەوە، وشكبوونی دەم، هێڵنج، گرژبوونی ماسوڵكەكان، سەرسووڕان. بە گوێرەی لێكۆڵینەوەكان، گروپێك دەمارەخانە كە كەوتوونەتە بەشی پێشەوەی توێكڵی مێشك PFC رۆڵی سەرەكییان هەیە لە بڕیارداندا، پەستی كاریگەری دەكاتە سەر ئەم گروپەی دەمارەخانەكان، بە مانایەكی تر پەستی كاریگەری دەكاتە سەر ئەو دەمارەخانانەی كە هەڵبژاردن دادەڕێژن، بۆیە لەوانەیە كە پەستی كاریگەری نێگەتیڤ بكاتە سەر هەڵبژاردنە باشەكان و ببێتە هۆی بڕیاردانی هەڵە.