بۆتۆكس Botox بەوە ناسراوە كە لۆچبوونەكانی دەموچاو بۆ ماوەی نزیكەی 3- 4 مانگ دەشارێتەوە، بەڵام بەم دواییە ئەمە سەلمێنراوە كە بەكارهێنانی دەرزی بۆتۆكس سوودی هەیە بۆ چارەسەركردنی ئیفلیجبوونی دەماری دەموچاو، یان دەماری حەفتەم Facial palsy، هەروەها بۆ چارەسەركردنی گرفتی دەماری دیكە لە ناوچەی دەموچاودا. ئیفلیجبوونی دەماری حەفتەم واتە ئیفلیجبوونی دەماری دەموچاو كە كۆنتڕۆڵی دەمارەكانی یەك لای دەموچاو دەكات، ئەمەش دەبێتە هۆی جوولە یان گرژبوونەوەی خۆنەویستانەی ماسوڵكەكانی لایەكی دەموچاو. بۆتۆكس دەبێتە ئەگەری لاوازكردنی چەند ماسوڵكەیەكی تایبەت بەهۆی بلۆككردنی كاتیی دەمارەكانیان. بۆتۆكس بەرە بەرە یەكسانی بۆ هەردوولای دەموچاو دەگەڕێنێتەوە لە رێگای كەمكردنەوەی گرژبوون یان گورجبوونی ماسوڵكەكان، لەگەڵ كەمكردنەوەی هێڵە شاقولییەكانی مل كە لە ئەنجامی گرژبوونی ماسوڵكەكانی مل پەیدادەبن. بەڵام پێویستە ئەمە لەبیرنەكرێت كە چارەسەر بە بۆتۆكس كاتییە و پاش نەمانی كاریگەرییەكەی واتە پاش چەند مانگێك پێویستە كە دووبارە بەكاربهێنرێتەوە. لەگەڵ ئەمەشدا، چارەسەر بە دەرزی بۆتۆكس هێشتا بە چارەسەرێكی یەكجار ئاكتیڤ بۆ ونكردنی لۆچەكانی پێست دادەنرێت و گۆڕانی پۆزەتیڤی بەرچاو لە جوانیی دەموچاودا پەیدا دەكات.