ئامارە پزیشكییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە گەلێك حالەتی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن لە تەمەنی بچووكدا تۆماركراون كە تا رادەیەكی زۆر پەیوەندییان بە خۆراك و قەڵەوییەوە هەبووە. پەیوەندی نێوان بڕی خوێ لە خۆراك و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن پەیوەندییەكی چەسپاوە. بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنیش مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی دڵ و جەلتەی مێشك زیاد دەكات. وا باشە كە بڕی خوێ لە خۆراكی رۆژانەی منداڵاندا بۆ نیو ئەوەندە كەم بكرێتەوە لەگەڵ كەمكردنەوەی ئەو خۆراكانەی كە رێژەیەكی بەرزی خوێی شاراوە لەخۆدەگرن وەكو ترشیات، خۆراكی خێرا، جیبس، كیتچەپ، گۆشتی قوتووبەند. وا باشترە كە بڕی خوێی رۆژانە بۆ منداڵانی تەمەن 6-1 ساڵ لە 2 گرام كە دەكاتە نزیكەی سێیەكی كەوچكێكی زەڵاتە زیاتر نەبێت، هەروەها بۆ منداڵانی تەمەن 14-7ساڵ لە 5 گرام كەمتر بێت. خوێ كە بریتییە لە سۆدیۆم كلۆراید NaCl، ماددەیەكی گرنگە لە خۆراكدا چونكە چێژ بە خۆراك دەبەخشێت، لەشی مرۆڤ سۆدیۆم بەكاردەهێنێت بۆ رێكخستنی پەستانی خوێن و رێكخستنی قەبارەی خوێن، هەروەها سۆدیۆم گرنگە بۆ فرمانەكانی ماسوڵكە و دەمارەكان. بەگشتی زیاد خواردنی خوێ واتە پەستانێكی خوێنی بەرزتر. نزیكەی هەموومان بڕی زیادی خوێ لە خۆراكەوە وەردەگرین كە زیاترە لە پێویستی رۆژانەمان. كەمكردنەوەی بڕی رۆژانەی خوێ ڕێنمایی دەكرێت بۆ دابەزاندنی ریسكی تووشبوون بە پەستانی بەرزی خوێن. ئەمەش ئاشكرایە كە هێشتنەوەی پەستانی خوێن لە ئاستی ئاسایی خۆیدا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی دڵ و پەككەوتنی دڵ و جەڵتەی مێشك و نەخۆشی گورچیلە تا رادەیەكی بەرچاو كەم دەكاتەوە. خۆراكی كەم خوێ هەڵبژێرە، خۆراك بە خوێی كەم ئامادە بكە، لە هەمان كاتدا ئەم خۆراكانە زیاد بخۆ كە زۆر پۆتاسیۆمیان تێدایە وەكو سەوزە و میوە.