خواردنەوە وزەبەخشەكان Energy Drinks زیاتر لە لایەن گەنجانەوە بەكاردەهێنرێن بە مەبەستی زیادكردنی چاڵاكی دەروون و لەش، بۆیە ناوی زۆربەی خواردنەوە وزەبەخشەكان مانای هێز و توانا و خێرایی و كارامەیی لەخۆ دەگرن وەكو: پاوەر پڵەس، میگابایت، رێدبوڵ، پڵینگ، پیاوی پاڵەوان ...هتد. خواردنەوە وزەبەخشەكان خواردنەوەی كاربۆنكراون كە بڕێكیرێژەیەكی بەرزی شەكر و كافائین لەخۆدەگرن لەگەڵ چەندین پێكهاتەی تری وەكو ڤیتامینەكانی B، ترشە ئەمینیەكان بۆ نموونە تاورین Taurine، هەروەها گیایە وزەبەخشەكانی وەكو گوارانا Guarana. رێژەی كافائین لە خواردنەوە وزەبەخشەكاندا دەگاتە هەمان ئەو رێژەیەی كە لە كوپێك قاوەی چڕدایە، بۆ نموونە یەك قوتوو رێدبوڵ 80 ملگم كافائینی تێدایە، بڕی زیادی كافائینیش هەرگیز بۆ تەندروستی باش نییە. هەروەها خواردنەوە وزەبەخشەكان گەلێك ماددەی تر لەخۆدەگرن كە تا ئێستا توێژینەوەی زانستییان بە تەواوی بۆ نەكراوە لە رووی سوود و زیانیان بۆ تەندروستی، لەم ماددانە: تاورین، گوارانا، گلوكورۆنۆلاكتۆن Glucuronolactone. كاریگەری پێكهاتووەكانی ناو خواردنەوە وزەبەخشەكان بەیەكەوە لەسەر تەندروستی مرۆڤدا هێشتا بە تەواوی نەزانراوە، ئەم مەسەلەیە گرنگترین تەوەرە لە نێوەندە پزیشكییەكاندا، بۆیە پێویستی بە لێكۆڵینەوەی زۆر هەیە، لەوانەیە كە هەندێك لە پێكهاتەكان لەگەڵ كافائین بەپرسیار بن لە كاریگەرییە سەرەكییەكەی خواردنەوە وزەبەخشەكان بەتایبەتی زیادكردنی چاڵاكی دەروونی و وزەی لەش. بۆ نموونە یەك قوتووی رێد بوڵ 1000ملگم تاورین لەخۆدەگرێت، لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە ئەم تێكەڵە قەبارەی خوێنی پاڵنراو لەپاش هەر لێدانێكی دڵ زیاد دەكات، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە ماددەی تاورین رۆڵی هەیە لە گرژبوونەوەی ماسوڵكەكان بەتایبەتی ماسوڵكەی دڵ و چاڵاكی كۆئەندامی دەمار. قوتووێكی رێد بوڵ 600 ملگم لە ماددەی گلوكورۆنۆلاكتۆن لەخۆدەگرێت، كاریگەری تێكەڵكردنی ئەم مادەیەش لەگەڵ پێكهاتەكانی تری خواردنەوەی وزەبەخشەكان لەسەر تەندروستی مرۆڤدا بە تەواوی نەزانراوە. بەگشتی هەوڵ بدە كە دووركەویتەوە لە خواردنەوە وزەبەخشەكان. هەرگیز باش نییە كە منداڵ و ئافرەتی دووگیان و ئافرەتی شیردەر خواردنەوەی وزەبەخشەكان بخۆنەوە، هەروەها نابێ خواردنەوە وزەبەخشەكان لەگەڵ ئەلكهولدا بخورێنەوە و نابێ لەكاتی وەرزشدا بەكاربێن.