قەڵەوی منداڵ Childhood obesityلە زیادبووندایە، هێشتا هەندێك دایك و باوك وا بیردەكەنەوە كە قەڵەوی و خرپنی منداڵ مانای تەندروستی باش دەگەیەنێت، كەچی درك بەوە ناكەن كە پێچەوانەی ئەمە بۆ تەندروستی باشترە. شیری دایك منداڵ هەر لە سەرەتای بوونیدا لە قەڵەوی دەپارێزێت، بە پێچەوانەی شیری تۆزی مانگا(شیری قوتوو) كە لەوانەیە كێشی منداڵ زیاد بكات. بەگشتی لەوانەیە كە قەڵەوی و هەندێك عاداتی خراپی پەیوەست بە خۆراك رەگ و ریشەی لە منداڵییەوە هەبێت. هەنگاوەكانی پاراستنی منداڵان لە زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی بریتین لە: دڵنیابوون لەوەی كە منداڵەكەت رۆژانە مەشقی بەدەنی یان وەرزشێكی سەلامەت بۆ ماوەی یەك كاتژمێر ئەنجام دەدات، هەرگیز بە شێوەیەكی بەردەوام خۆراكی خێرا بۆ منداڵەكانت مەكڕە، باشترە كە تەنیا مانگانە یەك جار خۆراكی خێرا بخوات تاكو كێشی زیاد نەكات و لە هزری منداڵەكەتدا نەچەسپێت كە خۆراكی خێرا سوودبەخشە یان بەشێكە لە خۆراكی ئاسایی، خواردنی شیرینی و شوكولاتە و كێك و ساردەمەنییەكان لە لایەن منداڵەكەت سنووردار بكە، شلەمەنییە شیرینەكان زیاتر لە خۆراكی شیرینی رەق دەبنە ئەگەری زیادبوونی كێشی منداڵ، هەرگیز رێك و پێكی و باشییەكانی منداڵەكەت بە شلەمەنی شیرین و نوشابە گازدارەكان یان هەتا بە نەستەلە و چوكلێت پاداشت مەكە، ئەگینا منداڵ زۆر بەند دەبێت بە شیرینی و بە ئاسانی دەست بەرداری نابێت. زیاتر هانی منداڵەكەت بدە بۆ خواردنی سەوزە و میوەی جۆراوجۆر، ئەلبان لە شیر و ماست و پەنیر، هێلكە، گۆشت، مریشك، ماسی، دانەوێڵە، پاقلەمەنییە سەوز و وشكەكان.