ئەو منداڵانەی كە لە وەرزی هاویندا لەدایك دەبن لە پاشەڕۆژدا لە تەمەنی گەورەبووندا دەبنە خاوەن تەندروستییەكی باشتر لەوانەی كە لە وەرزی زستاندا لەدایك دەبن بەتایبەتی كچەكان. هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە بۆ بەركەوتنی زیاتر ئافرەتی دووگیان بە تیشكی خۆر، ئەمەش هۆكارە بۆ كێشی زیاتری منداڵ لەكاتی لەدایكبووندا لەگەڵ باڵغبوونی كچ لە تەمەنێكی درەنگتردا. دابینبوونی بڕێكی باشی ڤیتامین D بەتایبەتی لە 3 مانگی ناوەڕاستی دووگیانیدا كاریگەری پۆزەتیڤی زۆری بۆ تەندروستی هەیە. لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە ئەو منداڵانەی لە وەرزی هاویندا لەدایك دەبن، ئەوا دەبنە خاوەن باڵایەكی بەرزتر لە تەمەنی پێگەیشتندا. وەرز كاریگەری هەیە لەسەر كێشی منداڵ لە كاتی لەدایكبووندا، ئەمەش كاریگەری لەسەر تەندروستی و گەشەدا هەیە، هەروەها كاریگەری دەكاتە سەر دیاركردنی كاتی باڵغبوون. ئەو منداڵانەی كە لە مانگەكانی حوزەیران، تەمموز، ئاب لەدایك دەبن، ئەوا بەگشتی بە كێشی دروست لەدایك دەبن و باشتر گەشە دەكەن و دەبنە خاوەن تەندروستییەكی باش لە ئاییندەدا. ئەو كچانەی كە لە هاویندا لەدایك دەبن، ئەوا لە تەمەنێكی درەنگتر دەچنە باڵغبوون، ئەمەش نیشانەیە بۆ بوون بە خاوەن تەندروستییەكی باش. جگە لە دابینبوونی ڤیتامین D، لەوانەیە كە چەند هۆكارێكی تری لاواز رۆڵیان لە مەسەلەكەدا هەبێت وەكو: جوولەی زیاتر یان مەشقی وەرزشی زیاتر، جۆراوجۆربوونی خۆراك، هەروەها بەگشتی باری دەروونی لە وەرزی هاویندا باشترە بە بەراورد لەگەڵ باری دەروونی لە وەرزی زستاندا.