گەلێك جۆر و ماركەی زەیتی زەیتوون لە بازاڕەكاندا هەیە، كوالیتی هەندێكیان نزمە بەوەی كە بە ماددەی كیمیایی مامەڵەیان لەگەڵدا كراوە یان لەگەڵ زەیتی تری هەرزان تێكەڵ كراون، بۆیە هەڵبژاردنی جۆری دروست گرنگی زۆری هەیە. زەیتی یەكەم گوشینی زەیتوونی Extra virgin olive oil تازە و خاو بە ساردی كە بە تەواوی بە رێگای میكانیكی بەرهەم هێنرابێت بە بێ بەكارهێنانی هیچ گیراوەیەك و لەژێر پلەی 30 سەدیدا ئامادەكرابێت، لە رووی تەندروستییەوە بە باشترین جۆری زەیتی زەیتوون دادەنرێت كە چێژ و بۆنێكی تایبەتی هەیە و كوالیتییە بەرزەكەی بۆ ئەمە دەگەڕێتەوە كە بەرزترین ئاستی دژەئۆكسانی فینۆلیكەكان Phenolics لەخۆدەگرێت و ترشێتییەكەی لە 1% نزمترە، تا ئەم رێژەیە نزمتر بێت هێندە كوالیتییەكەی باشتر دەبێت. لە لایەنی كیمیاییەوە، زەیتی زەیتوونی یەكەم گوشین ترشێتییەكەی كە بە رێژەی ترشی ئۆلێیك Oleic acid دیاردەكرێت كە كەمترە لە 0.8 گرام لە هەر 100 گرام زەیتدا واتە كەمتر لە 0.8%، هەروەها بەهای پیرۆكساید كەمترە لە 20 میللی بەرابەری ئۆكسجین. جۆرەكانی تری زەیتی زەیتوون كە رێژەی ترشێتیان بەرزە بە كوالیتی نزم ئەمانەن: زەیتی زەیتوونی ئاسایی Ordinary virgin olive oil و زەیتی زەیتوونی سافكراو Refined Olive Oil كە ترشێتییەكەیان لە 3.3% زیاترە، زەیتی زەیتوونی گەییو Virgin olive oil كە ترشێتییەكەی زیاترە لە 2%، زەیتی زەیتوونی تەواو یان روون Olive oil یان Pure Olive Oil ترشێتییەكەی لە 1% زیاترە، زەیتی سرپاتی زەیتوون Olive-Pomace Oil و زەیتی سافكراو لە سرپاتی زەیتوون Refined Olive-Pomace Oil كە ترشێتییەكەیان دەگاتە نزیكەی 1.5%، زەیتی زەیتوونی سووك و زۆر سووك Light & Extra Light Olive Oil.