ئایا دەزانی كە ئەو دەرمانانەی لە پێشبڕكێیە وەزرشییەكاندا بەكاردەهاتن گەلێكیان قەدەغەكراون؟ دەرمانی خراپ بە ژەمی گەورە لە هەندێك ئاوێتەی دابەزاندنی كێشدا هەیە، ئەمەش لەوانەیە كە ریسكی تەندروستی گەورەی بەدواوە بێت، بۆ نموونە میتیل سینێفرین Methylsynephrine كە بە ناوی ئۆكسیلۆفرین Oxilofrine ناسراوە دەرمانێكی هاندەری چاڵاكییەكانی مێشكە و بۆ چارەسەركردنی حاڵەتی دابەزینی پەستانی خوێن بەكاردێت. ئێستا بەكارهێنانی ئەم دەرمانە لە ئەمریكادا بە یاسا بۆ هەر مەبەستێك راگیراوە. زیاتر لە 50 جۆری ئاوێتەی دابەزاندنی كێش لە بازاڕەكاندا ئەم ماددە قەدەغەكراوە لەخۆدەگرن. ئەمەش زانراوە كە هەندێك لەم ئاوێتانە ژەمی زۆر گەورە لە دەرمانی قەدەغەكراو لەخۆدەگرن، ئەمەش بێگومان زیان زۆر بە تەندروستی دەگەیەنێت. لە چەندین لێكۆڵینەوەی یەك لەدوای یەكدا هاتووە كە میتیل سینێفرین هۆكارە بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و زیادبوونی قەبارەی خوێنی پەمپكراو لە دڵدا، بۆیە بەكارهێنانی هەر ئاوێتەیەكی كۆنترۆلكردنی كێشی لەش كە ئەم ماددەیە لەخۆبگرێت لە لایەن كەسانی تووشبوو بە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن یان نەخۆشی دڵ كە دەستنیشان نەكرابن لەوانەیە كاریگەری خراپ بكاتە سەر تەندروستی بەتایبەتی كۆئەندامی دڵ و سووڕان. جگە لە دەرمانی میتیل سینێفرین، گەلێك ئاوێتەی كۆنتڕۆڵكردنی كێشی لەش ماددەیەكی دیكە بە ناوی DMBA لەخۆدەگرن كە ئەویش هاندەرێكی تری مێشك و كۆئەندامی دەمارە، ئەمەش دەبێتە هۆی تەسكبوونەوەی بۆڕییەكانی خوێن و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن. كە هەر دوو ماددە بەیەكەوە لە هەمان ئاوێتەدابن، ئەوا پەستانی خوێن زیاتر و زیاتر بەرزدەبێتەوە و مەترسی زیاتر بۆ تەندروستی پەیدادەكات بەتایبەتی مەترسی جەلتە Stroke، لەگەڵ زیانی لابەلای تر وەكو: زیادبوونی لێدانەكانی دڵ، سینگ ئێشە، وەستانی دڵ Cardiac arrest كە هۆكارە بۆ مردنی كتوپڕ.