گەلێك ئافرەت تا رادەیەك تەمەڵی دەنوێنن لە شووشتنی دەموچاو و لابردنی ئاسەوارەكانی ماكیاژ پێش نووستن، رێنمایی پزیشكی لەوەدایە كە پێویستە پێش نووستن هەموو ئاسەوارەكانی ماكیاژ و ئاوێتەكانی جوانكاری بە تەواوی لاببرێن بە شووتنی دەموچاو. زیانەكانی مانەوەی ئارایشت و ئاوێتەكانی جوانكاری لەسەر پێست بۆ شەو یان ماوەیەكی زۆر بریتین لە: گیرانی كەناڵی یان كونەكانی پێست و رێگرتن لە دەردانی چەوری، كە ماددە كیمیاییەكانی ئارایشت لەگەڵ چەوری پێست تێكەڵ دەبن، ئەوا دەبێتە هۆی زیپكە و هەوكردن، گیرانی كونەكانی پێست كە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی دروستبوونی چەوری پێست Sebum، دەرەنجام پێست وشك دەبێت كە هاندەرە بۆ لۆچبوونی پێست، پەیدابوونی هەستەوەری بە شێوەی پەڵەی سوور و خورشت، گەورەبوون و بەرجەستەبوونی كونەكانی پێست لەبەر كەمبوونەوەی توانای لاستیكی پێست بە هۆی كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی كۆلاجین، ئەمەش رێگا ئاسانتر دەكات بۆ چوونەژوورەوەی بەكتریا و پەیداكردنی هەوكردن لە پێستدا، ئارایشت نوێبوونەوەی پێست دوادەخات و دروستبوونی پرۆتین كۆلاجین لە پێستدا كەم دەكاتەوە. پێكهاتەكانی ئارایشتی نزیك چاو لەوانەیە بگەنە ناو چاو ببنە هۆی سووتانەوە، هەستەوەری، هەوكردن، ناسكبوون و هەڵوەرینی برژانگ.