پەككەوتنی دڵ Heart failure بریتییە لە بێهێزبوونی دڵ و نەمانی توانای دڵ بۆ پاڵنانی خوێن بۆ هەموو بەشەكانی لەش، واتە ئەندامەكان و ماسوڵكەكان و شانەكانی تر بڕی تەواو لە گازی ئۆكسجینیان پێناگات. حاڵەتەكە لەوانەیە تیژ Acute بێت وەكو ئەوەی كە راستەوخۆ لەپاش نۆرەی دڵدا روودەدات، یان بە تێپەڕبوونی كات بەرە بەرە دەستپێبكات وەكو ئەوەی كە لەبەر بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن روودەدات. هەندێك حاڵەتی سووك لەوانەیە كە تێبینی نەكرێت یان هەندێك جار بە شێوەی ماندووبوون، هەناسەڕاوكێ یان دڵەكوتێ خۆی دەنوێنێت، بەڵام حاڵەتە پەرەسەندووەكانی پەككەوتنی دڵ دەبنە هۆی گرفت لە چاڵاكی ئاسایی رۆژانەدا. نیشانەكانی پەككەوتنی دڵ بەگشتی بریتین لە: هەناسەڕاوكێ یان كۆكە بەتایبەتی لەكاتی ئەنجامدانی جوولە یان مەشقی فیزیكیدا، هەستكردن بە ماندووبوون و هیلاكی، دڵەكوتێ و ناڕێكیی لێدانەكانی دڵ، زەردبوون و ساردبوونی دەست و پێیەكان، هەستكردن بە قوڕسایی یان ئازار لە ناوەڕاستی سینگدا. باوترین هۆكار نەخۆشی خوێنەرەكانی تاجی دڵە كە دەبێتە ئەگەری نۆرەی دڵ، واتە گەیشتنی رێژەیەكی كەمتری گازی ئۆكسجین بە ماسوڵكەی دڵ و پەككەوتنی دڵ. لە حاڵەتی نۆرەی دڵدا یەكێك لە خوێنبەرەكانی تاجی دڵ لەناكاودا بە تەواوی دەگیرێت و دەبێتە هۆی مردنی بەشێك لە ماسوڵكەی دڵ. پەستانی بەردەوامی بەرز هۆكارە بۆ لەدەستدانی توانای لاستیكی بۆڕییەكانی خوێن یان نواندنی بەرگری بەرانبەر بە هاتوچۆی خوێن، ئەمەش بارگرانی دەخاتە سەر ماسوڵكەی دڵ بۆ پاڵنانی خوێن بە فشاری زیاتر بۆ ناو ئەو بۆڕییانە، دەرەنجام ماسوڵكەی دڵ گەورەتر و ئەستوورتر دەبێت، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات ماسوڵكە رەق دەبێت و سكۆڵەكان بە پانی گەورە دەبن، لە كۆتاییدا دڵ توانای پاڵنانی خوێنی بۆ هەموو بەشەكانی لەش نامێنێت واتە دووچاری پەككەوتن دەبێت. هۆكارەكانی تر كە كەمتر بەدی دەكرێن بریتین لە: نەخۆشی ماسوڵكەی دڵ، نەخۆشی زمانەكانی دڵ، نەخۆشییە زگماكییەكانی دڵ، تێكچوونی ریتمی لێدانەكانی دڵ Arrhythmias.