گۆڕینی هەمیشەیی رەنگی چاو

گۆڕینی هەمیشەیی رەنگی چاو
گلێنە Iris كەوتۆتە پشت چینی كۆرنیا، بڕی رووناكی كە دەچێتە ناو چاو رێكدەخات، هەروەها رەنگی چاو دیار دەكات بەهۆی كەمی و زۆری چڕی بۆیەی میلانین تیایدا. دەتوانیت كە هاوێنەی لكاو هەر جارەی بە رەنگێكی جیاواز بەكاربێنیت بۆ گۆڕینی رەنگی راستەقینەی چاوەكانت، بەڵام بە شێوەیەكی كاتی. بە چاندنی گلێنەی چاو Iris implant بۆ هەمیشە رەنگی چاو دەگۆڕێت. ئەم نەشتەرگەرییە بە شێوەیەكی سەرەكی بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتانەی گلێنە كە دەبنە هۆی زیاد هەستیاربوونیی چاو بەرانبەر بە رووناكی ئەنجام دەدرێت كە بریتییە لە چاندنی سلیكۆن بە تیرەی 15 ملم و ئەستووری 0.16 ملم و كونی بیلبیلە بە تیرەی 3.5 ملم كە رەنگەكەی بە خواستی نەخۆش هەڵدەبژێررێت. دانانی ئەم بەشە سلیكۆنە پێویستی بە نەشتەگەری كردنەوەی چاوەوە هەیە كە هاوێنەی چاو دەخرێتە سەر بەشە سلیكۆنییەكە پاش كردنەوەی چینی كۆرنیای چاو Cornea. پێدەچێت كە گۆڕینی رەنگی هەمیشەیی چاو نەشتەرگەرییەكی ئاڵۆز بێت، بۆیە شارەزایی زۆری دەوێ لە لایەن پزیشكی پسپۆری چاو. لەبەر ئەوەی كە چاندنی گلێنە ئەگەری ئاڵۆزی گەورەی لێدەكەوێتەوە وەكو ئاوی رەش، تێكدانی دەماری بینین، هەروەها ئەگەری مەیینی خوێن لەناو چاو و لەدەستدانی بینین، بۆیە وا باشترە كە تەنیا بە مەبەستی جوانكاری ئەنجام نەدرێت.
Top