لووتپژان Epistaxis لەوانەیە سادە بێت بۆ نموونە بە هۆی زەبرێكی سادە یان لەكاتی دەستكاریكردن یان پاككردنەوەی لووت رووبدات، لەوانەشە كە سەخت بێت یان نەخۆشییەكی لەپاڵەوە بێت. لووتپژان گەلێك جار لەخۆیەوە روودەدات بەتایبەتی لەو كاتەی كە ناوپۆشە لینجەكانی لووت دوچاری وشكبوون و قڵیشان دەبنەوە، بۆ نموونە لە كەشوهەوای گەرم و وشكدا. ئەو حاڵەت و نەخۆشییانەی كە هاندەرن بۆ لووتپژان بریتین لە: هەوكردن، زیاد دەستكاریكردنی لووت، هەستەوەری لووت، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، زیاد خواردنەوەی ئەلكهول، نەخۆشی یان گرفت لە مەیینی خوێندا، گرێ یان زێدەگۆشت لە ناوپۆشی لووتدا. لووتپژان لە ماڵەوە بوستێنە بەم هەنگاوانە: گوشینی بەشە نەرمەكانی لووت بە پەنجە و فشاردانی بە ئاراستەی ئێسكەكانی دەموچاو بەلای كەم بۆ ماوەی 5 خولەك لەگەڵ كەمێك چەماندنەوەی سەر بۆ پێشەوە، دەتوانیت ئەم كردارە چەندین جار دووبارە بكەیتەوە تا خوێنبەربوونەكە دەوەستێت، هەرگیز پاڵ مەكەوە و با ئاستی سەرت لە ئاستی دڵت بەرزتر بێت، دەتوانیت بەفر بخەیتە ناو خاولییەكی بچووك و لەسەر لووت و روومەت دابنێیت. بۆ خۆپاراستن لە دووبارەبوونەوەی لووتپژان، پەیڕەوی ئەم هەنگاوانە بكە: دووركەرەوە لە مانەوە بۆ ماوەیەكی زۆر لەو شوێنانەی كە پلەی گەرمییان لە نێوان 30-45 سەدیدایە و شوێنێكی فێنك هەڵبژێرە، لووت بە توندی پاك مەكەوە، خۆت لە قەبزی بپارێزە بە زیاد خواردنی سەوزە و میوە و زیاد خواردنەوەی ئاو، دووركەوە لە هەڵگرتنی تەنی قوڕس بەتایبەتی لەكاتی خۆچەماندنەوەدا، سەرینی بەرز بۆ نووستن بەكاربێنە، دووركەوە لە جگەرەكێشان، دووركەوە لە بەكارهێنانی دەرمانی وەكو ئەسپرین یان برۆفین.