ئامارە تەندروستییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە بەم دواییە كێشانی جگەرەی ئەلیكترۆنی بەتایبەتی لە نێو نەوجەواناندا زیادی كردووە، بۆ نموونە لە ئەمریكادا گەیشتۆتە 20% ی كەسانی تەمەن 25-44 ساڵی. گەلێك لەو نەوجەوانانەی كە جگەرەی ئەلیكترۆنی دەكێشن پاشان دەستدەكەن بە كێشانی جگەرەی ئاسایی كە ماوەكەی بە تێكڕایی بە یەك ساڵ دەخەمڵێنرێت. جگەرەی ئەلیكترۆنی e-cigarettes زیانی زۆر بە سییەكان دەگەیەنێت، سستمی بەرگری لەش كز دەكات، هانی چالاكیی بەكتریای دژوار و كوشندە دەدات لە كۆئەندامی هەناسەدا. جگەرەی ئەلیكترۆنی ئەگەری هەوكردنی شانەی سییەكان Pneumonia بە جۆرێكی بەكتریا بە ناوی MRSA زیاد دەكات كە بەرگری بەرانبەر بە دەرمانی دژەژی دەنوێنێ كە وەكو چینێك Biofilm بە توندی بە ناوپۆشی بۆڕی هەوا دەنووسێن و خانەكان تێكدەدەن و چاڵاكییان زیاد دەبێت بێ ئەوەی كە بكەونە ژێر كاریگەری بەرگری لەش بۆ لەناوبردنیان. هەڵمی جگەرەی ئەلیكترۆنی بەتایبەتی ژەمی گەورە هۆكارە بۆ لەناوچوونی راستەوخۆی سییەخانەكان. ئەمەش روونە كە هەڵمژینی ماددەی كیمیایی گەرمكراو كە لە جگەرەی ئەلیكترۆنیدا هەیە بەتایبەتی نیكۆتین و پرۆپیلین و گلایكۆل زۆر زیانبەخشن بۆ تەندروستی. ئەمەش زانراوە كە كێشانی جگەرەی ئەلیكترۆنی رۆژانە بە بەردەوامی دەبێتە ئەگەری گۆڕان لە رێڕەوەكانی هەناسە و زیادبوونی ئەگەری شێرپەنجە.