ئایا ئارایشتی كانزایی لە ئارایشتی ئاسایی باشترە؟ جیاوازی لەگەڵ ئارایشتی ئاساییدا چییە؟ ئارایشتی كانزایی Mineral make-up بریتییە لە تەنۆلكەی وردی پاودەری ئۆكسیدی ئاسن FeO، ئۆكسیدی زینك ZnO لەگەڵ ئۆكسیدی تیتانیۆم TiO2. ئەم ئاوێتانە لە لایەن پێستەوە هەڵدەمژرێن و رەونەقێكی سروشتی پێدەبەخشن. ئەم جۆرە ئارایشتە زۆر سووكە و دەتوانرێت كە رۆژانە دابنرێت، ئۆكسیدی زینك پێست لە زیپكە و پەڵەی سوور دەپارێزێت، ئۆكسیدی تیتانیۆم تا رادەیەك پێست لە تیشكی خۆر دەپارێزێت ئەگەرچی نابێتە جێگرەوە بۆ كرێمی دژەهەتاو، بۆیە بۆ پاراستنی پێست لە تیشكی سەرووی وەنەوشەیی پێویستە كە كرێمێكی دژەخۆر بەر لە دانانی ئارایشتی كانزایی بە رێنمایی پزیشك بەكاربهێنرێت. سوودێكی دیكەی ئارایشتی كانزایی ئەوەیە كە هیچ ماددەی چەور، ماددەی پریزێرڤەتیڤ، بۆیەی دەستكرد یان پارابینەكان Parabens لەخۆناگرێت. ئارایشتی كانزایی زۆر گونجاوە بۆ ئەو كەسانەی كە خاوەن پێستێكی هەستیار و ناسكن، یان ئەوانەی كە دوچاری هەستەوەری دەبن بە ئارایشتی ئاسایی و ئاوێتەكانی جوانكاری. ئارایشتی كانزایی نابێتە هۆی سووتانەوەی پێست، هەروەها گونجاوە بۆ پێستی چەور، چونكە بۆ ماوەیەكی زۆر لەسەر پێستدا دەمێنێتەوە و یارمەتی هەڵمژینی چەوری زیاد دەدات.