چاندنی قژ Hair transplantation ئەگەر هیچ ئاڵۆزییەك روونەدات ئەوا تاڵە مووەكان لە شوێنە نوێیەكانیاندا بە شێوەیەكی ئاسایی گەشە دەكەن. ئەم نەشتەرگەرییە لەژێر بەنجی خۆجێیی لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا ئەنجام دەدرێت، واتە پێویست بە بەنجی گشتی ناكات كە گەلێك كەس گرفتی لەگەڵدا هەیە. چاندنی قژ لە راستیدا ژیانی گەلێك كەس دەگۆڕێت، قەناعەت زیاد دەكات و لایەنی دەروونی باشتر دەكات، بەڵام پێویستە ئەم راستییە بزانرێت كە پێستی هەر كەسێك بەرانبەر بەم نەشتەرگەرییە بە شێوەیەكی جیاواز كاردانەوەی دەبێت. چاندنی قژ لە رووی نرخەوە بەگشتی گران دەوەستێت، بە بێ بوونی گارانتی بۆ ئەنجامی تەواو و بە بێ بوونی گارانتی بۆ روونەدانی ئاڵۆزییەكانی نەشتەرگەرییەكە. چاندنی قژ نەشتەرگەرییەكی گەورەیە، بە دروستكردنی برینێكی هێڵی بە درێژایی پێستی پاشەوەی سەر بۆ وەرگرتنی تاڵە مووەكان بە مانایەكی دیكە بەشێكی پێستی سەر لێدەكرێتەوە، ئەمەش ئاسەوارێك بە درێژی 5 گرێ پەیدا دەكات، هەروەها كەمبوونەوەی یان تەنكبوونی قژ لەم شوێنەدا.