هەستكردن بە نیگەرانی Worrying بەشێكی ئاسایی ژیانە و هەندێك جاریش پێویستە لە ژیانی رۆژانەدا، گەلێك جاریش پاڵنەر و یارمەتیدەرە بۆ باشتركردنی ژیان. كە نیگەرانی لە ڕادەبەدەر بوو ئەوا دەبێتە هۆی پەستی Anxiety كە ژیانی ئاسایی رۆژانە دەشێوێنێت. گەلێك جار پەستی دەبێتە یەكێك لە نیشانەكانی خەمۆكی.نیشانە جەستەییەكانی پەستی بریتین لە: دەست لەرزین، هەژان و لەرزینی لەش، هەستكردن بە گرانی لە قوڕگ و سینگدا، زیادبوونی لێدانەكانی دڵ، خێرابوونی هەناسە، گرفت لە بڕیاردان یان بڕیاردانی هەڵە، هەستكردن بە سووكبوونی سەر یان سەرسووڕان، ئارەقەی سارد لەگەڵ ساردبوونی دەستەكان، گرژبوونەوەی ماسوڵكەكان لەگەڵ هەستكردن بە سووتانەوە یان ئازار لە ماسولكەكاندا، هەستكردن بە ماندووبوونێكی زۆر، كێشە لە نووستندا بە شێوەی گرفت لە چوونە خەو یان زوو لەخەو هەڵسان بەبێ تێرنووستن. پەستی كاریگەری دەكاتە ئەو بەشەی مێشك كە كۆنتڕۆڵی هەڵسوكەوت و مامەڵەكردن لەگەڵ دەوروبەردا دەكات، بۆیە كاریگەرییەكی نیگەتیڤ دەكاتە سەر پەیوەندییەكان. نیشانە دەروونییەكانی پەستی بریتین لە: ناڕحەتی و نائارامی Restlessness، نیگەرانییەكی زۆر، ترس لە روودانی شتێكی خراپ، لەدەستدانی توانای تەركیز. هەوڵدان بۆ دەستنیشانكردن و چارەسەری هەر گرفتێك پێویستە نەك تەسلیمبوون و دەستەویەخە دانیشتن لەوكاتەی كە كێشە و گرفتەكان بەشێكن لە ژیانی هەموومان كە لەوانەیە ببنە هۆی پەستی و نەخۆشی دەروونی ئەگەر بەرەنگاریان نەبینەوە، هەروەهامەشقی وەرزشی، هەواگۆڕی، مەشقی خاوكردنەوەی دەمارەكان (خۆخاوكردنەوە Relaxation)، هەنگاوی سروشتین بۆ سووككردنی پەستی.