پاراگاردParaGard ناوی ئەو جۆرە لەولەبەیە كە كاریگەرییەكەی بۆ رێگرتن لە دووگیانی بۆ ماوەی 10 ساڵ بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەم لەولەبە بۆ هەموو ئافرەتێك گونجاو نییە. هەموو رێگاكانی رێگری لە دووگیانی بای خۆیان ریسك و زیانی لابەلایان هەیە، بۆیە بۆ هەر ئافرەتێك و تەمەنێك رێگایەكی گونجاو لە لایەن دكتۆرەوە هەڵدەبژێررێت. دانانی پاراگارد جۆرێك كارلێكی هەوكردنی نامیكرۆبی پەیدا دەكات كە سپێرم لەناودەبات و رێگا لە جێگیربوونی هیلكۆكە لە ناوپۆشی منداڵداندا دەگرێت. سوودەكانی پاراگارد: كاریگەرییەكەی بۆ ماوەی 10ساڵ بەردەوام دەبێت و رێژەی فەشەل هێنان لە 1% كەمترە، دەتوانرێ لە هەر كاتێكدا بە پێی خواست لاببرێت و توانای دووگیانبوون بە بێ دواكەوتن دەستپێبكاتەوە، دەتوانرێت كە پاراگارد لەكاتی شیردانی سروشتیدا بەكاربهێنرێت، چونكە هیچ هۆرمۆنێك لەخۆناگرێت كە كاریگەری بكاتە سەر منداڵ. لە چەند لێكۆڵینەوەیەكدا هاتووە كە لەوانەیە پاراگارد رۆڵی هەبێت بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجەی ناوپۆشی منداڵدان و ملی منداڵدان. پاراگارد ناگونجێت بۆ ئەم حاڵەتانە: هەوكردنی ئەندامەكانی حەوز PID، ناڕێكیی زگماكی منداڵدان، شێرپەنجەی منداڵدان. ریسك و زیانی لابەلا: پشت ئێشە، بینینی خوێن لە ماوەی نێوان كاتەكانی سووڕی مانگانەدا، كەمخوێنی، ئازار لەكاتی جووتبووندا، هەوكردنی زێ، پەیدابوونی دەردراوی زێ، توندبوونی نیشانەكانی سووڕی مانگانە، هەورەها ئەگەری جێگیربوونی هێلكۆكەی پیتراو لە دەرەوەی منداڵداندا Ectopic pregnancy. بەگشتی ئەم زیانانە پاش 2- 3 مانگ لە دانانی پاراگارد لەخۆیانەوە نامێنن.