لە نوێترین ئامارەكاندا هاتووە كە ئەگەری تووشبوونی ئافرەت بە نەخۆشی دڵ بەرزبۆتەوە بۆ 12- 15%. ئەگەرچی هۆكارە باوەكانی نەخۆشی دڵ بریتین لە جگەرەكێشان، سترێس، قەڵەوی، كەمیی مەشقی بەدەنی، بەڵام 4 هۆكاری تری نائاسایی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی دڵ لە ئافرەتدا زیاد دەكەن كە بریتین لە: دووگیانی درەنگ، فشاری كار و پیشە، گرفتە هۆرمۆنییەكان، بەكارهێنانی زیادی كالسیۆم و ڤیتامین. دووگیانی پاش تەمەنی 40 ساڵی لەگەڵ زیادبوونی ئەگەری رەقبوونی خوێنبەرەكان، هەروەها ئەگەری بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن هاوكات لەگەڵ دووگیانیدا كە ریسكن بۆ تووشبوون بە نەخۆشی دڵ. فشار، یان سترێسی كار و پیشە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی دڵ زیاد دەكات بەتایبەتی پیشەی شەو یان كاركردن بە شیفت كە كاریگەری دەكەنە سەر ریتمی نووستن (كاتژمێری لەش Body clock) گەلێك جار هۆكارە بۆ بەرزبوونەوەی هۆرمۆنەكانی سترێس لە لەشدا هاوكات لەگەڵ ماددەی تری وەكو سایتۆكینەكان Cytokines كە هۆكارن بۆ هاندانی نیشتنی كۆلیستیرۆل لە سەر ناوپۆشی دیواری خوێنبەرەكان و تووشبوون بە رەقبوونی خوێنبەرەكان و نەخۆشی دڵ. گرفتی هۆرمۆنی، بۆ نموونە گرفت لە گلاندی دەرەقی و نەخۆشی شەكرەی جۆری یەكەم ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی دڵ زیاد دەكەن، هەروەها گرێ لە گلاندی ئەدرینال كە دەبێتە هۆی زیاد دەردانی هۆرمۆنی ئەدرینالین هۆكارە بۆ تێكچوونی ریتمی لێدانەكانی دڵ و خراپبوونی تەندروستیی دڵ. گەلێك ئافرەت لەكاتی دووگیانی و تەمەنی وەستانی یەكجارەكی سووڕی مانگانەدا كالسیۆم بە شێوەی حەب بە رێژەی بەرز وەردەگرن كە هانی نیشتنی دەدات لە ناوپۆشی خوێنبەرەكاندا، ئەمە و زیاد بەكارهێنانی ڤیتامینەكانی A و E ئەگەری بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و نەخۆشی دڵ زیاد دەكەن.