زێدەڕۆیی لە وەرزشدا Extreme exercise لەوانەیە كە بۆ دڵ زیانبەخش بێت، ئەمە بە پێی دوا لێكۆڵینەوەكانی تایبەت بە نەخۆشییەكانی دڵ لە كەنەدا. ئەگەرچی مەشقی وەرزشی زۆر توند سوودی تەندروستی هەیە وەكو دابەزاندنی پەستانی خوێن، كەمبوونەوەی رێژەی چەوری لەش، بەرزكردنی ئاستی كۆلیستیرۆلی باش HDL و دابەزاندنی ئاستی كۆلیستیرۆلی خراپ LDL لە خوێندا، لەگەڵ باشتربوونی هەستیاری لەش بەرانبەر بە هۆرمۆنی ئینسولین، بەڵام فشار یان سترێس دەخاتە سەر دڵ، ئەمەش لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری تێكچوونی ریتمی لێدانەكانی دڵ بە شێوەی لەرەی گوێچكەڵە Atrial fibrillation كە هۆكارە بۆ پەككەوتنی دڵ یان جەڵتەی مێشك. لەگەڵ ئەمەشدا، هێشتا سوودەكان لە مەترسییەكان زیاترن. ئەمە راستییەكی پزیشكی سەلمێنراوە كە وەرزش نەكردن زۆر خراپترە لە وەرزشی توند و لەرادەبەدەر، بۆیە وەرزشی مامناوەندی رێنمایی دەكرێت هەتا بۆ كەسانی وەرزشوانیش كە خاوەن لیاقەیەكی بەرزی بەدەنی و كۆئەندامی دڵ و سووڕانن. مەشقی وەرزشی مامناوەندی واتە جوولەی ئاوا كە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی لێدانەكانی دڵ وەكو رۆیشتنی خێرا، هەروەلە، مەلە، لێخوڕینی پایسكل. مەشقی وەرزشی زۆر توند بەوە پێناسە دەكرێت كە دەبێتە هۆی هەناسەڕاوكێ و ئارەقەیەكی زۆر، هەروەها كە رۆژانە بۆ چەند كاتژمێرێك ئەنجام بدرێت.