لە نوێترین لێكۆڵینەوەدا هاتووە كە كەمكردنەوەی تەنیا 5%ی كێشی لەش كاریگەری پۆزەتیڤی بەرچاوی دەبێت بۆ تەندروستی و سوودی بۆ هەموو ئەندام و بەشەكانی لەش هەیە، بۆ نموونە كەمبوونەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی دڵ و نەخۆشی شەكرە، باشتربوونی فرمانی خانە گرنگەكانی گلاندی پەنكریاس و مامەڵەی لەش لەگەڵ هۆرمۆنی ئینسولیندا، لەگەڵ باشتربوونی هەستییاری خانەكان بەرانبەر بە ئینسولین، دابەزینی پەستانی خوێن بەتایبەتی پەستانی سەرەوە Systolic، دابەزینی ئاستی چەوری گلیسریدە سیانییەكان TG لە خوێندا كە پێوەندییان بە نەخۆشی دڵەوە هەیە. پەیدابوونی بەرگری بەرانبەر بە هۆرمۆنی ئینسولین Insulin resistance واتە خانەكانی لەش كاردانەوەی دروست بەرانبەر ئینسولین نانوێنن، ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی دڵ و نەخۆشی شەكرەی جۆری دووەم زیاد دەكات. جەخت لەمەش كراوەتەوە كە هەتا رێژەی دابەزاندنی كێشی لەش زیاتر بێت هێندە سوودە تەندروستییەكانیش زیاتر دەبن بەتایبەتی كەمبوونەوەی ئاستی هەوكردنی نامیكرۆبی Inflammation لە لەشدا لەگەڵ باشتربوونی توانا بۆ بەرەنگاربوونەوەی سترێسی كرداری ئۆكسان Oxidative stress لە لەشدا، ئەم كردارەی كە خانەكانی لەش لەسەر ئاستی ناوك تێكدەدات و ئەگەری شێرپەنجە زیاد دەكات. سوودەكانی تری دابەزاندنی كێش: سووكبوونی ئازاری پشت (ئەگەر هەبێت)، باشتربوونی باری دەروونی بۆ نموونە سووكبوونی پەستی و خەمۆكی و سترێس، باشتربوونی ئاستی بیركردنەوە، كەمبوونەوەی پرخە(ئەگەر هەبێت)، بەرزبوونەوەی ئاستی لیاقەی بەدەنی و جوولەی جۆراوجۆر.