مەهێڵە كەمەرت لە 89 سانتیمەتر زیاتر بێت!

مەهێڵە كەمەرت لە 89 سانتیمەتر زیاتر بێت!
ئەو كاتە دەتوانیت بڵێیت تەندروستم كە پێوانەی چێوەی كەمەرت كەمتر بێ لە 35 گرێ كە دەكاتە 88.9 سانتیمەتر. ئەو ئافرەتانەی كە پێوانەی چێوەی كەمەریان لە 35 گرێ زیاترە ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی دڵ دوو هێندە زیاترە بە بەراورد لەگەڵ كەسانی لاوازتر، یان ئەوانەی كە پێوانەی چێوەی كەمەریان لە 28 گرێ (71 سانتیمەتر) كەمترە، هەروەها ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەش زیاترە، رێژەی تووشبوون هێشتا زیاتر دەبێت ئەگەر پێوانەی چێوەی كەمەر زیاتر بێت. ئەمەش روونكراوەتەوە كە بڕی زیادی چەوری لە دەوری كەمەر كە گەلێك جار بە قەڵەویی سەنتەری لەش Central obesity ناوزەد دەكرێت، پێوەندی هەیە بە زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن. هەتا ئێستا بە تەواوی نەزانراوە كە بۆچی كۆبوونەوەی چەوری لە ناوچەی كەمەر و سكدا ئەگەری تووشبوون بەم نەخۆشییانە زیاددەكات، بەڵام بە پێی سەرچاوەكان لەوانەیە كە چەورییەخانەكانی دەوری هێڵی كەمەر كاریگەری نێگەتیڤ بكەنە سەر: هاوسەنگی هۆرمۆنەكان، هەستییاری خانەكانی لەش بەرانبەر بە هۆرمۆنی ئینسولین، ئاستی شەكری خوێن، پەستانی خوێن. بۆیە كۆمەڵەی ئەمریكی نەخۆشییەكانی دڵ چەخت دەكاتەوە كە وا باشە پێوانەی چێوەی كەمەر بۆ ئافرەت لە 35 گرێ كەمتر بێت، بۆ پیاویش لە 40 گرێ كەمتر بێت. هەندێك ناوندی پزیشكی تایبەت بە نەخۆشی شەكرە چەخت لەوە دەكەنەوە كە واباشترە چێوەی كەمەر بۆ ئافرەت لە 31.5 گرێ، بۆ پیاویش لە 37 گرێ كەمتر بێت.
Top