گەلێك دایك و باوك لەوە نیگەران دەبن كە چەند ڤاكسین بە یەكەوە بە پێی خشتەی ستانداردی كوتان دەدرێتە منداڵەكانیان، ئایا لە راستیدا دەتوانرێ كە چەند جۆر ڤاكسین لە یەك كاتدا بدرێتە منداڵ؟ ئایا هیچ زیانێكی هەیە؟ دەتوانرێت بە بێ دوودڵی چەند جۆرێكی ڤاكسین بە یەكەوە بدرێنە منداڵ بە مەرجێك بە پێی خشتەی كوتان بێت. لە كاتی لەبیركردنی هەر كوتانێك پێویستە كە ئاگاداری دكتۆر بكرێتەوە بۆ ئەوەی بە خشتەیەكی تر كوتانەكان تەواو بكرێن. لە زۆربەی حاڵەتەكاندا، دەتوانرێت كە ئەو ڤاكسینانەی لەبیركراون دوابخرێن و پاشان بەكاربێن بە مەرجێك نێوان 2 ڤاكسینی زیندوو Live vaccines لە 4 هەفتە كەمتر نەبێت. لە هەمان كاتیشدا دەتوانرێت كە یەكێك لە ڤاكسینەكانی ناو خشتەی كوتان لەبەر هەر هۆكارێك بۆ ماوەیەك دوابخرێت بەڵام بە ئاگاداری پزیشك، بۆ نموونە لەكاتی بوونی نەخۆشییەك یان بەكارهێنانی دەرمانە ستیرۆیدەكان بۆ منداڵ چونكە دەبێتە هۆی دابەزینی سستمی بەرری لەش. لە هەموو بار و دۆخێكدا پێویستە كە هەر منداڵێك ئەم ڤاكسیانەی خوارەوە پاش یەك هەفتە تا 5 ساڵی تەمەن وەربگرێت: ڤاكسینی سیل BCG، ئیفلیجی منداڵان Polio، هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر جۆری B، ڤاكسینی سیانە DPT بۆ وەناق و كۆكەڕەشە و گزاز، ڤاكسینی سورێژەی تێكەڵاو MMR بۆ سورێژە و گوێ ڕەپە و سورێژەی ئەلمانی. بەگشتی پێدانی ڤاكسینەكان بۆ زۆربەی هەرە زۆری منداڵان سەلامەت و بێ زیانە تەنیا لە هەندێك حاڵەتی دەگمەندا لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری پەیدابوونی هەستەوەری بەرانبەر بە پێكهاتەكانی ڤاكسین، لێرەدا پێویست بە چارەسەری خێرای پزیشكی دەكات.