ئامارەكان ئێستا جەخت لەوە دەكەنەوە كە لە گەلێك شوێندا باڵغبوونی پێشوەختە لە تەمەنی 7 یان 8 ساڵیدا بەدی دەكرێت كە بۆتە جێگای سەرنجی دایك و باوك و پسپۆڕانی تەندروستی، ئەمەش منداڵەكان دەخاتە بارێكی لاوازەوە لەوكاتەی كە هێشتا لە لایەنی دەروونی ئامادە نین بۆ هەرسكردنی گۆڕانە فسیۆلۆژی و جەستەییەكانی پەیوەست بە گۆڕانە هۆرمۆنییەكان لە لەشدا. زیادبوونی كێش و قەڵەوی دەبێتە هۆی گۆڕان، یان تێكچوونی هاوسەنگی هۆرمۆنەكان، بۆ نموونە شانە چەورییەكانی لەش هۆكارن بۆ گۆڕان لە ئاستی هۆرمۆنی ئیسترۆجین، ئینسولین، لێپتین، ئەمەش كاتی باڵغبوون تاودەدات، بۆیە گەلێك جار دەوترێت كە ((ئەمە كێشی لەشە كە كاتی باڵغبوونی دیاردەكات نەك تەمەن)). ماددە كیمیاییەكانی ژینگە، بۆ نموونە ماددەی BPA كە لە پلاستیك و ناوپۆشی قووتووەكانی خۆراكدایە، هەروەها ماددەكانی پڕكردنەوەی ددان، بتڵەكانی ئاو..تاد كە دەگاتە لەش هۆكارێكە بۆ تاودانی باڵغبوون، هەروەها ماددە فتالێتەكان Phalates كە لە ئاوێتەكانی جوانكاری، سپرای قژ و ئاوێتەكانی لابردی بۆندا هەیە، هۆكارە بۆ زوو گەشەكردنی مەمك لە كچدا. زیاد خواردنی خۆراكی خێرا رۆڵی هەیە لە زیادبوونی كێش لە منداڵدا، هەروەها رێژەی بەرزی چەوری ئاژەڵی هۆكارە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی فاكتەرەكانی گەشەی هاوشێوەی ئینسولین IGF-1 كە هاندەرن بۆ باڵغبوون. لە لایەكی تریشەوە، خۆراكی ناهاوسەنگ كە زیاتر شەكر و چەوری لەخۆبگرێت هۆكارە بۆ تێكدانی هاوسەنگی هۆرمۆنەكان و باڵغبوونی پێشوەختە.