هۆكاری سترێس لە نەوجەواندا

هۆكاری سترێس لە نەوجەواندا
تەمەنی نەوجەوانی پڕە لە سترێس بەتایبەتی كە لەش ژمارەیەك گۆڕان بەخۆیەوە دەبینێت، بەگشتی سترێس هۆكارێكی گەورەیە لەپاڵ ناهاوسەنگی هۆرمۆنی Hormonal imbalance لە لەشی نەوجەواناندا. لەش هۆرمۆنەكان بەرهەم دێنێت كە كاریگەری دەكەنە سەر شێوەی روخسار و لەش و هەڵسوكەوت. تێكچوونی هاوسەنگی هۆرمۆنەكان لە لەشی نەوجەواندا دەبێتە ئەگەری خەمۆكی، پەستی و نیگەرانی، سەرئێشە و گرفتی تەندروستی دیكە. تاقیكردنەوەكانی قوتابخانە، وەرگیران لە كۆلێژ، مردنی كەسێكی نزیك، خێزانی ناجێگیر، فشاری كۆمەڵگا و دەوروبەر، دەبنە هۆی سترێس و ناهاوسەنگی هۆرمۆنەكان. هەروەها ماددە كیمیاییەكان یان پیسكارەكانی هەوا یان ژینگە، خۆراكی ناتەندروستییانە و هۆرمۆن لە خۆراكدا، سۆدا، ئاوێتەكانی جوانكاری، ئاوێتە پاككەرەوەكان، هۆكاری ترن بۆ ناهاوسەنگی هۆرمۆنەكان. نیشانەكانی ناهاوسەنگی هۆرمۆنی لە نەوجەواندا بریتین لە: گۆڕان لە مەزاجدا، خەمۆكی، خەوزڕان، زوو هەڵچوون، شێوان و ناجێگیری هەست و سۆز، سستبوونی گەشە، هەستكردن بە ماندووبوون و هیلاكی، ناڕەحەتی و ناجێگیری دەروونی، هەروەها گۆڕان لە مامەڵە و هەڵسوكەوتدا، هێڵنج، سەرهەڵدانی زیپكەی گەنجێتی، سەرئێشە، پشت ئێشە، هەناسەڕاوكێ، ئاوسانی مەمك، كڕانەوەی قوڕگ. خۆشبەختانە هەموو ئەم نیشانانە پاش ماوەیەك سووك دەبن و پاشان لەخۆیانەوە نامێنن، بەڵام ئەگەر بەردەوام بوون ئەوا پێویست بە راوێژی پزیشك دەكات.
Top