بەگشتی كوڵاندن و گەرمكردنەوەی خۆراك Reheating هەندێك سوود و هەندێك زیانی هەیە. ئەگەرچی كوڵاندن رێگایەكی كاریگەرە بۆ لەناوبردنی بەكتریا لە خۆراكدا، بەڵام لە هەمان كاتدا هۆكارە بۆ ونبوون یان كەمبوونەوەی رێژەی هەندێك ماددەی خۆراكی یان كەمبوونەوەی فرمانە دروستەكانیان بەتایبەتی سەوزەكان، بۆ نموونە ئەو ڤیتامینانەی كە هەستیارن بەرانبەر بە گەرمی واتە بە گەرمی تێكدەشكێن بەتایبەتی ڤیتامین C رێژەكەیان كەم دەبێتەوە. ئەو ڤیتامینانەی كە لە ئاودا دەتوێنەوە وەكو ڤیتامین C و كۆمەڵەی ڤیتامین B بەتایبەتی ڤیتامین B1 و B9 دەچنە ناو ئاوەكەوە و بە پلەی گەرمی 70 فەهرەنهایت یان 21.1 پلەی سەدی یان بەرزتر تێكدەشكێن و چالاكییان نامێنێت. كوڵاندن یان دووبارە گەرمكردنەوەی سەوزەكان هۆكارە بۆ كەمبوونەوەی كاریگەری یان فرمانی گەلێك ڤیتامین بەتایبەتی ڤیتامین C لەگەڵ كەمبوونەوەی چاڵاكی ماددە دژەئۆكسانەكان. هەروەها بە گەرمكردن گەلێك لە ئەنزیمەكانی ناو دانەوێڵەی تەواو و پاقلەمەنییەكان لەناودەچن كە گرنگن بۆ هەرسكردن و فرمانی تری لەش. نابێ ئەمە هەرگیز لەیاد بكرێت كە گەرمكردنەوەی خۆراك ئەگەری ژاراویبوون بە خۆراك كەم دەكاتەوە، ساڵانە ملیۆنان كەس لە سەرتاسەری جیهان بە هۆی خۆراكی ئالوودەبوو بە میكرۆب ژیانیان لەدەست دەدەن.