خۆراكە پرۆتینییەكان گرنگی زۆریان هەیە بۆ بەهێزكردنی گەشەی قژ Hair Growth، بۆیە پێویستە كە رێژەكەی لە خۆراكی رۆژانەدا لە 15% كەمتر نەبێت. سەرچاوە خۆراكییە دەوڵەمەندەكانی پرۆتین بریتین لە: گۆشتی بێ چەوری، ماسی، پەڵەوەڕ، هێلكە، پاقلەی سۆیا، ئەلبان، دانەوێڵە و تۆوەكان. جگە لە پرۆتین، بڕی تەواوی كاربۆهیدراتیش گرنگە بۆ دابینكردنی وزەی پێویست بۆ گەشەی رەگی مووەكان. كاربۆهیدراتەكان بەتایبەتی دانەوێڵەی تەواو و پەتاتە و سەوزە و میوەكان جگە لە وزە، كۆمەڵەی ڤیتامین B لەخۆدەگرن كە زۆر گرنگن بۆ تەندروستیی رەگی قژ واتە بەشە زیندووەكەی قژ، وا باشە كە كاربۆهیدرات رێژەی 55- 60%ی خۆراكی رۆژانە پێكبێنێت. خۆراكت جۆراوجۆر بكە و بەپێی چەندێتی چاڵاكی فیزیكی(بەدەنی) خۆت بڕەكان رێك بخە و لە یاد نەكەیت كە: رێگاكانی مۆدێرنی ئامادەكردنی خۆراك لە كوالیتی بەهای خۆراكی Nutrient quality كەم دەكەنەوە، سترێسی توند ماددە خۆراكییە گرنگەكانی لەش كەم دەكاتەوە، ریجیم Dieting بەتایبەتی ریجیمی هەڵە و نازانستییانە كاریگەری نێگەتیڤ دەكاتە سەر تەندروستی و گەشەی قژ، پیربوون كاریگەرییەكی خراپی هەیە لەسەر خۆراك و تەندروستیی قژدا. لە هەندێك حاڵەتدا ڤیتامین و كانزاكان بە شێوەی دەرمان یان هاندەری خۆراكی Supplements پێویست دەكات، بەڵام تەنیا لەژێر چاودێری پزیشك دا.