ئێستا بەڵگەی زیاتر لەبەر دەستدان كە بەرهەمەكانی درەختی كاكاو بەتایبەتی شوكولاتەی رەش یان تاریك Dark chocolate رێژەیەكی بەرزی كاكاو لەخۆدەگرێت كە سوودبەخشە بۆ تەندروستیی دڵ. كاكاو Cocoa بەشێوەی پاودەر یان لەناو شوكولاتەدا بۆ خواردن بەكاردێت، سەرەڕای بۆنە تایبەت و خۆشەكەی كاكاو، كەرەی كاكاویش لە گەلێك هەویركاری و شیرینیدا بەكاردەهێنرێت. بەها تەندروستییەكەی كاكاو لەوەدایە كە رێژەیەكی بەرزی لە گروپێكی ماددە دژەئۆكسانەكان تێدایە بە ناوی فلاڤۆنۆیدەكان Flavonoids كە زۆر بە توندی بەرەنگاری ماددە یان كۆلكە سەربەستەكان Free Radicals دەبنەوە، ئەو ماددانە لە لەشی مرۆڤدا لە ئەنجامی كرداری ئۆكسان Oxidation دروست دەبن و زیان بە خانەكان دەگەیەنن كە هەندێك جار دەگاتە ناوكی خانە و دەبێتە هۆی دابەشبوونێكی كۆنترۆلنەكراوی خانەكان و سەرهەڵدانی شێرپەنجە. ئەو كەسانەی كە رۆژانە بڕێكی دیاریكراو لە شوكۆڵاتەی رەش دەخۆن خاوەن تەندروستییەكی باشتری كۆئەندامی دڵ و سووڕانن، لەگەڵ جێگیربوونی پەستانی خوێن لە ئاستێكی نزمی ئاساییدا، هەروەها ئاستێكی نزمی كۆلیستیرۆلی خراپ لە خوێندا. پسپۆران خواردنی شوكۆڵاتەی تاریك وەكو بەشێك لە پلانی سەرەكیی خۆپاراستن لە نەخۆشی دڵ هەژماردەكەن كە خۆی دەبینێتەوە لە: خۆراكێكی تەندروستییانە كە زۆربەی رووەكی بێت، مەشقی وەرزشی بەردەوام، خەوێكی دروست، دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان، كۆنتڕۆڵكردن و هێشتنەوەی كێشێكی دروست.