بەسەربردنی كاتێكی زۆر لە دەرەوەی ماڵ بەتایبەتی لەو كەسانەی كە ئامادەباشی وشكبوونی پێستیان هەیە هۆكارە بۆ وشكبوونی روومەت Dry Cheeks و چەند بەشێكی تری دەموچاو. حاڵەتەكە جگە لە وشكبوون لەگەڵ سووربوونەوە، لەوانەیە كە بگاتە قڵیشان و فڕێدانی تفر Flaking. پاراستنی دەموچاو لە تیشكی خۆر كاریگەرترین هەنگاوە بۆ خۆپاراستن لە وشكبوونی روومەت، لەوكاتەی كە تیشكی خۆر بە هۆكاری سەرەكی وشكبوون و زووپیربوونی پێست هەژمار دەكرێت. لە هاویندا لەو كاتەی كە تیشكی خۆر لە بەهێزترین ئاستیدا دەبێت، هەروەها لە وەرزی زستاندا هەوای سارد یان بای بەهێز هۆكارن بۆ سووربوونەوە و هەستكردن بە ئازار یان سووتانەوە و پەیدابوونی تفر لە پێستی روومەتدا. بۆ خۆپاراستن لە وشكبوونی روومەت، پاككەرەوەی سووك بەكاربێنە و روومەت بە نەرمی بشۆ، پاشان راستەوخۆ پاش وشككردنەوە كرێمێكی شێداركەرەوە بەكاربێنە و هەوڵ بدە كە بە درێژایی رۆژ لەسەر پێستدا بمێنێتەوە، ئاوێتەیەكی دژەهەتاو بەكاربێنە كە فاكتەری پاراستنی لە تیشكی خۆر SPF لە 15 كەمتر نەبێت، لە هەندێك حاڵەتی سەختیشدا بەكارهێنانی كرێمی هایدرۆكۆرتیزۆن 1% ئەنجامی باشی دەبێت.