بەهای خۆراكی پیازی سوور

بەهای خۆراكی پیازی سوور
پیازی سوور Red onions پێكهاتووە لەكاربۆهیدرات و ئاو، هیچ چەوری تێدا نییە، ڕێژەی باش لەماددە گرنگەكان لەخۆدەگرێت وەكو ڤیتامین C، ڤیتامین B6، لەگەڵ چەندین كانزا و ماددەی دژەئۆكسان Anti-oxidants لەگەڵ ڕێژەیەكی زۆر كەمی وزە لەخۆدەگرێت بۆ نموونە 100 گرام پیازی سوور تەنیا 40 كالۆری بە لەش دەبەخشێت. پیازی سوور باشترین سەرچاوەیە بۆ ماددە دژەئۆكسانەكان بەناوی بایۆفلاڤۆنۆیدەكان بەتایبەتی كوێرسێتین Quercetin كە چالاكی بەهێزی هەیە دژی تووشبوون بەشێرپەنجە، دژی بەكتریا، دژی هەوكردن، دژی دروستبوونی زێدەگۆشت لەڕیخۆڵەدا، دژی ڕاینۆڤایرۆسەكان كە دەبنە ئەگەری تووشبوون بەهەڵامەت، سووككردنی نیشانەكانی نەخۆشی سەدەف، هەروەها بۆ خۆپاراستن لەتووشبوون بەڤایرۆسی تامیسكە و شێرپەنجەی گەدە. پیازی سوور ماددەی ئەلیسین Allicin لەخۆدەگرێت كە سوودی زۆری هەیە بۆ تەندروستی كۆئەندامی دڵ و سووڕان، دابەزاندنی پەستانی خوێن، خۆپاراستن لەچەندین جۆری شێرپەنجە. كانزای كڕۆم Chromium كە بەڕێژەیەكی بەرز لەپیازی سووردا هەیە، ڕۆڵێكی بەرچاوی هەیە بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاستی شەكری خوێن و ئاستی هۆرمۆنی ئینسولین، هەروەها كڕۆم سوودبەخشە بۆ پاراستنی كۆئەندامی دڵ و سووڕان.
Top