برنجی بۆر لە برنجی سپی باشترە

برنجی بۆر لە برنجی سپی باشترە
برنج Rice خۆراكی سەرەكی زۆربەی ژەمەكانە لە سەرتاسەری جیهاندا، چونكە سەرچاوەیەكی هەرزان و باشی نیشاستەیە كە لە لەشدا دەگۆڕێت بۆ شەكری گلوكۆز. خواردنی برنجی بۆر یان برنجی قاوەیی Brown rice لە خواردنی برنجی سپی باشترە بەتایبەتی بۆ تووشبووان بە نەخۆشی دڵ و نەخۆشی شەكرە. برنجی بۆر ئەو برنجەیە كە توێكڵەكەی بە تەواوی لانەبراوە، بە لابردنی هەموو توێكڵەكەی(سپیكردنی) دەبێتە برنجی سپی White Rice. لە چەندین لێكۆڵینەوەدا هاتووە كە خواردنی برنجی بۆر ڕۆڵی بەرچاوی هەیە لە كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی دڵ و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بەوەی كە برنجی بۆر پێكهاتووێكی تێدایە دژی پرۆتینێك كاردەكات بەناوی ئەنجیۆتێنسین 2 Angiotensin كە ڕۆڵی هەیە لە جێگیربوونی ڕەقبوونی خوێنبەرەكان و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێندا. بە سپیكردنی برنجی بۆر ئەم پێكهاتە لەگەڵ توێكڵدا دەڕوات سەرەڕای ونبوونی ڕێژەیەك لە ڕیشاڵی خۆراكی و ماددە دژەئۆكسانەكان و كانزای سیلینیۆم و مەنگەنیز و مەگنسیۆم، هەروەها كۆمەڵەی ڤیتیامین B و ئاسن. لە ڕووی وزەوە، قاپێكی مام ناوەندی برنجی سادە نزیكەی 200 كالۆری دەبەخشێت.
Top