هەفتانە چەند جار پێویستە قژت بشۆیت؟

هەفتانە چەند جار پێویستە قژت بشۆیت؟
پسپۆڕانی قژ ئاماژە بە قژشوشتن دەكەن و دەڵێن: زۆر شوشتنی قژ زیانی زۆر بە پێستی سەر و تاڵە مووەكانی قژ دەگەیەنێت، بەتایبەت ئەوانەی كە قژیان وشكە و چەوریی پێوە نییە، هەندێ لە خانمان هەموو رۆژێك قژیان دەشۆن، یان هەیە بۆ ماوەیەكی زۆر قژی ناشوات، وا چاكە راسپاردەكانی پسپۆڕانی قژ جێبەجێ بكەین، تا قژێكی تەندرووست و جوان و پڕمان هەبێت، كە بەم شێوەیەیە: بۆ ئەوانەی قژیان نەرم و ناسكە، كە هەست دەكەن چەوریی پێوە دیارە، یان كە دەست لە قژیان دەدەن هەست بە چەوربوونی دەستیان دەكەن، خاوەن ئەو جۆرە قژە پێویستە هەفتانە سێ بۆ چوار جار قژیان بشۆن، بەمەرجێك راستەوخۆ شامپۆ لە پێستی سەریان نەدەن، بەڵكو لە دەستیانی بدەن و پاشان بۆ سەریان، بۆ ئەوانەشی كە قژیان پڕە، یان مووەكانی ئەستوورە، پێویستە هەفتەی دوو جار قژیان بشۆن، ئەوانەی قژیان كێرلی یان شەپۆڵدارە، نابێت شوشتنی لە هەفتەیەكدا لە سێ جار كەمتر بێت و لە پێنج جاریش زیاتر بێت، بەهۆی ئەوەی قژیان چەوریی زیاتر هەڵدەگرێت، بۆ ئەوانەی قژیان وشكە، یان چەوریی پێوە دیار نییە، نابێت دوو جار زیاتر لە هەفتەیەكدا قژیان بشۆن، وا چاكیشە بەلسەم و كرێمی قژ بەكار بهێنن، ئەوانەی هەست دەكەن قژیان دەوەرێت، یان وشكییەكی زۆری پێوە دیارە، چاكترە كەمتر لە سێ جار قژیان بشۆن، وا باشترە شامپۆكان مادەی چەوریان كەم بێت، یان هەر نەبێت و چاكتریشە شامپۆی وشك بەكار بهێنن، بۆ ئەوانەش كە قژیان ئاساییە، واتە نە چەورە و نە وشك، هەفتانە دوو بۆ سێ جار قژیان بشۆن، بەم چەشنە قژێكی تەندرووست و نەرمت دەبێت.
Top