رێنماییەكانی بۆنخۆشكردنی جلەكانت

رێنماییەكانی بۆنخۆشكردنی جلەكانت
وەك دەزانین بۆن و بەرام لە جەستە و لە جلوبەرگیش ددەدرێن، ئەوانەی لە جەستە دەدرێن بۆ ئەو شوێنە هەستیارانەیە كە زیاتر بۆنەكە دەهێڵنەوە، وەك مەچەك و پشتە دەست و مل و گوێچكەكان و گەردن، بەڵام ئەگەر بمانەوێت بۆن لە جلوبەرگ بدەین، دەكرێت ئەم رێنماییانە پەیڕەو بكەین: بۆ ئەوەی بۆنەكان لەسەر جلەكانمان بۆ ماوەیەكی زیاتر بمێننەوە و هەورەها سەرنجڕاكێشیی پێوە دیار بێت، سەرەتا پێویستە بەر لە پۆشینیان جلەكان بۆندار بكەین، هەروەها ئەو شوێنانەی جلوبەرگ هەڵبژێرین كە لۆچ و قەد بوونەتەوە، وەك: ژێر قۆڵ و یەخە و سەر ریزی دوگمەكان، سەبارەت بە جلی ئەستووریش، دەبێ بۆنەكە لە دیوی ناوەوەی بدەین، تا زۆرترین ماوە بمێنێتەوە و بۆنەكەش بگەیەنێتە جەستە. بۆ ئەوانەی كە دەیانەوێت بۆ ماوەیەكی زۆر جلەكانیان لەبەر نەكەن و بۆنی پێوە بمێنێت، دەكرێت پارچە لۆكەیەك بۆندار بكەن و پاشان بیخەنە ناو گیرفانی جلەكانیان، كە ئەوەش بۆ ماوەیەكی زیاتر لە دوو هەفتە بۆنەكان دەهێڵێتەوە، بۆ ئەوانەشی مەبەستیانە بۆنەكانیان چالاكتر بن، دەتوانن بۆ ماوەی (12) كاتژمێر شووشە بۆنەكانیان بخەنە ناو سەلاجە، پاشان بۆ ماوەی دوو كاتژمێر بیهێڵنەوە و ئینجا بەكاری بهێنن، ئەوكاتە رێژەی توانای بۆنەكە سەرووی خۆی دەبێت و زیاتر كاریگەر دەبێت. پسپۆران دەڵێن: واچاكە بۆن راستەوخۆ لە خۆ نەدرێت، بەڵكو بە نیو مەترێك لە پێش خۆتدا پەمپەكە لە سەرووی ئاستی چاوت بدە، پاشان خۆت هەنگاوێك بچیتە پێشەوە بۆ ئەوەی بۆنەكە لە شێوەی دڵۆپە هەوادا بەرت بكەوێت، نەوەك وەك شلەی ناو شووشە بۆنەكە.
Top