جۆرەكانی نـــــانی كوردی

جۆرەكانی نـــــانی كوردی
لە كوردەواریدا چەندین جۆرە نان هەن، كە لە ئارد و گەنم دروست دەكرێن، هەر یەكە لەو نانانە، وەك سەرچاوەیەكی گرنگی خواردن لە ژیانی كوردەواریدا دادەنرێت، بیرۆكەی دەركەوتنی ئەو ژمارەیە لە جۆرەكانی نان، بۆ جیاوازی هۆز و خەڵكی ناوچە جیاجیاكان و یان ناوچەكانی كوردستان دەگەڕێتەوە، كە هەر یەكە بە شێوازی خۆش نان دروست دەكەن و دەیخۆن، بۆ نموونە: لە ناوچەی هەورامان نانی تایبەت بە خۆیان هەیە، جۆرەكانی نان بە گشتی ئەمانەن : نانی تیری – ئەستورك، ئەستوركە بە تەندوور یان لە ناوچەی سەرەوە بە سەوك ناسراوە، شەكر، بە پەنیر، بە ژاژی-ناوساجی یان ناوسێڵی- ناسكە نان – لووشە (كە وەك ئەستوركە بە تەندوورە بەڵام شێوەی درێژە – دورەك، كە وەك نانی تیری وایە، بەڵام شێوەی بچووكترە و بە گەرمی دەخوردرێت- گازالە كە پارچە هەویرە و دەخرێتە سەر سێڵی نان و تا سوور دەبێتەوە، ئەوەش زیاتر بۆ منداڵانە- نانی تەندووریش هەیە، كە لەناو تەندوور ئامادە دەكرێ- ناسكە نان، كە شێوەی وەك ئەستووركە و بە رۆنەوە دەخرێتە سەر سێڵ و چەور دەبێت- هەروەها ناوسێڵی یان ناوساجی، دەبێ هەویری ترش لە هەویرەكە بكرێ تاوەكو جوان هەڵبستێ)، هەر یەكە لەوانە جۆرە نانێكە لە خواردنی كوردی، ئەگەرچی جۆری دیكەش ماوە، بەڵام ئەوەی ئاماژەمان پێكرد زیاتر سەرەكین و رۆژانە دەخورێن.
Top